تا مانگی داهاتوو ھەموو ماڵێک نەوتی سپی وەردەگرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر گوتی: پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی، لە ناوشار و دەرەوە بەردەوامە، تا مانگی داھاتوو ھەموو ماڵێک نەوتی سپی وەردەگرێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابینی کردووە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کۆی گشتی ئەو نەوتەی پێویستمانە بۆ ئەوەی لە ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکەین ١٠٠ملیۆن لیتر نەوتە، تا ئێستاش ٥٠ملیۆن لیترمان دابەش کردووە، لە ھەولێر ٣٨ملیۆن، ٢٢ملیۆنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆیە ئەمساڵیش دابەشکردنی نەوت جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو کە پێشتر لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرا، ئەمساڵ لە ناوشاریش دابەشکراوە، لەناو ھەولێر ٢٨ملیۆن لیتر نەوت دابەش کراوە و نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتیش ١٠٤ھەزار دینارە.
ئاری کاکەشین گوتیشی: بەپێی ئەو بەرنامەی دانراوە پێویستە تا ٣١/١٢ ھەموو ماڵێک نەوتی خۆی وەرگرتبێت، بە مەرجێک بریکارەکان ھاوکاریمان بکەن، چونکە ئێمە دەتوانین مانگانە زیاتر لە ٤٠ملیۆن لیتر دابەش بکەین، بۆیە ئەگەر بریکارەکان ھاوکار بن لە مانگی داھاتوو دابەشکردنی نەوت تەواو دەبێت، دابەشکردنی نەوتیش وای کردووە نرخی نەوت لە بازاڕ هەرزان بێت.
کاکەشین باسی لەوەش کرد: ئەوەی نەوتەکەی دابین کردووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەی ئێستا بۆ ئەمساڵ، بەرمیلی یەکەمە.
بڵند ئیبراھیم




