باخهوانێكی فێستیڤاڵی هەناری ھەڵەبجە بۆ KDP: دەبێت باخەوان ئاشق بێت

ھەڵەبجە-KDP.info- باخهوانێك دەڵێت، دەبێت باخەوان ئاشق بێت و داری باخەکەی وەک منداڵ گەورە بکات دهشڵێ، چیرۆکی ھەنار لە ھەڵەبجە کۆنەو ھەموو منداڵێکی ھەڵەبجە لەگەڵ دار ھەناری حەوشەکەیان گەورە بوونە، ھاوکات دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران دەکات لە ساخکردنەوەی بەرھەمەکانی باخەوانان و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ ھەنار و بەرھەمەکانیان.
عوسمان فایەق، خاوەن باخی ھەنار و بهشدار بووی ئهمساڵی فێستیڤاڵی هەنار و پاییز لە ھەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبهتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دهڵێت: زیاتر لە ١٦ ساڵە باخی ھەنارم ھەیە و بەرھەمهکهی زۆر جوانە و بە ئاوێکی سازگار لە کاتی بەیانی زوو یان ئێواران ئاوی دەدەم، ھەروەھا باخداری چیرۆکێکی تایبەتی ژیانی منە، ھەموو کەس ناتوانێت باخداری بکات دەبێت ئاشق بیت، دەبێت ئاشقی ئەو دارەبێت کە دەیڕوێنی وەک منداڵ بەخێوی بکەی، من ئاشقی دار و سروشتم.
ئهو باخهوانه دەشڵێت: ساڵ ٣٦٠ ڕۆژە من ٣٦٥ ڕۆژی چاوەڕێی فیستیڤاڵی ھەناری ھەڵەبجە دهكهم، تاکو بتوانین نمایشی بەروبوومی ھەنارە جوانەکەمان بکەین بۆ میوانانی فیستیڤاڵ، لەگەڵ کڕیارەکانمان گفتوگۆ بکەین و پێبکەنین زیاتر ھەناری ھەڵەبجەیان پێ بناسێنین، ھاوکات پێی وایە، ھەڵەبجە چیرۆکی کۆنە لەگەڵ ھەنار، ھەموو حەوشەی ماڵێکی ھەڵەبجە داری ھەناری تێدا ڕوێندراوە، منداڵانی ھەڵەبجە لەژێر دار ھەناردا یاریان کردووە و گەورە بوونە لەگەڵ دار ھەناری حەوشەکەیان، ھەنار میوەیەکی تایبەتە، شەوی پایزان خێزانەکانی ھەڵەبجە پێکەوە کۆبوونەتەوە ھەناریان خواردووە ئەوکات خەوتوون، بنی بۆفیە و سەقفی ماڵەکان ھەناری تێدا ھەڵگیراوە.
عوسمان فایەقی بهشدار بووی ئهمساڵی فێستیڤاڵی هەناری ھەڵەبجە گوتیشی: من دەڵێم نابێت بڵێین حکوومەت ھاوکارمانبە لە باخداریدا، چونکە دەبێت باخەوان خۆی ئاشقی دارەکانی بێت، تەنیا حکوومەت لەپێدانی دەرمان و کۆمەڵێ پێداویستی تردا ھاوکاربێت، ئەوی تر چۆنیەتی بەخێوکردنی دار بە داری باخەکەت لەسەر خۆتە، ھەروەھا ئێمە دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران دەکەین لە ساخکردنەوەی بەرھەمەکانی باخەوانان و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ ھەنار و بەرھەمەکانی کشتوکاڵی و باخداران.
عەزیز ڕەسووڵ




