جووتیارێک: ئێستا پێی دەگوترێ کەپرە شینە.. کەشناسێك: مەرجانەكانی بارانی پەڵە بەدی ناکرێت

ھەولێر-KDP.info- پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە و شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، بارانی ئەمجارە پەڵە نادات، بەڵام سوودی ھەیە بۆ جووتیاران، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە پشتبەستن بە راپۆرتی بەڕێوەبەرایتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی، رایگەیاند كە رۆژانی شەممە و یەكشەممە لە هەرێمی كوردستان لێزمەباران دەبارێت.
پهیوهست به بارانی ئهمجاره كه پێشبینی دهكرێت زۆربهی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتهوه، جووتیارێکی دەشتی ھەولێر به ناوی بەشدار ئەسعەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی: بە حیسابی ئێمەی جووتیار ئێستا نیوەی پایزە و پێی دەگوترێ (کەپرە شینە)، واتا باشترین کاتە بۆ جووت و داچاندنی بەرھەمی دانەوێڵە، ئەگەر بارانی ئەمجارە بگاتە ئاستێک پەڵە بدات ئەوە لە بەرژەوەندی جووتیارانە و دەست بە چاندنی بەرھەمی گەنم دەکەن، ساڵی ڕابردوو ساڵی پێش ئەویش لەم کاتەدا پەڵەی نەدابوو، بەڵام ئەمساڵ دیارنیە و کەش ناسانیش دەڵێن، حەفتەی داھاتوو شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
محەممەد کەلاری، شارەزای کەشناسیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شەپۆلی باران بارینەکە سەرەتا بەشێوەیەکی لاواز دەست پێدەکات و تەنیا چەند ناوچەیەکی سنووری باشووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ڕۆژی یەک شەممەش شەپۆلەکە سەرتاسەری دەبێت و پێشبینی بارانی بەخۆر دەکەم لەگەڵ ھەورە تریشقەی ھەشت پلە توند، پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە، لە دەوروبەری ھەولێر و کەرکووک و دھۆک و سلێمانی و گەرمیان پێشبینی دروست بوونی لافاو دەکرێت، تا ڕۆژی چوار شەممە شەپۆلەکە بەردەوامی دەبێت.
لەبارەی کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ محەممەد کەلاری شارەزای کەشناسی دەڵێت: ئەم شێوازە باران بارینە جووتیار کەمتر سوودی لێوەردەگرێت، تەنیا لە بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە پاش بارانەکە جووتیاران دەتوانن دەست بە چاندنی بەرھەمەکانیان بکەن، ھەرچەندە ئەو بڕە بارانەی پێشبینی دەکرێت زۆر لەوە زیاترە کە پێویستە بۆ پەڵەو چاندنی بەرھەمی جووتیاران، بەڵام ئەو مەرجانەی پێویستن له بارانی پەڵەدا ھەبێت بەدی ناکرێت، وەک بارانی ھەژدە کاتژمێر لەسەرخۆ بەردەوامی باران بارین بەبێ پچڕان، لەگەڵ ئەوەشدا بارانی ئەمجارە بەسوودە بۆ تەقینی تۆی ناو زەوی و سەوزبوونی زەوی.
قائید میرۆ




