سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیى له سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم كرد

هه‌ولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2024/10/29 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دیدارێكدا له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى حیكمه‌ى نیشتمانیى عێراقى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كرد و به‌ڕێز ئه‌لحه‌كیم پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى له سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوچه‌كه، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرده‌وه و هاوڕا بوون كه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به لێكگه‌یشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته هۆى پته‌وكردنى ئارامى و سه‌قامگیریى زیاترى عێراق. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه كارى پێكه‌وه‌یى و هاریكاریى نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراقیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات‌دا، به پێویست له قه‌ڵه‌م دا.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌وه كرده‌وه كه پێویسته هه‌موو لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن ئارامى و سه‌قامگیرى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بپارێزرێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك عێراق له ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه نه‌گلێت و له لێكه‌وته‌كانى به‌دوور بێت.




