٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامان شاڵى بۆ KDP: دەبێ پەلە لە پێکهێنانى حکوومەتەکەماندا بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info- چاودێرانى سیاسى دەڵێن، کوردستانیان لە ڕۆژى ٢٠ـى ئۆکتۆبەردا بە دەنگدانیان بە پارتی، ئەو حزبەیان لەسەر ئاستى ناوخۆ و ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بە بەهێزى هێشتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە حزبەکان حکوومەتێک پێکبهێنن بە هێزەوە کارەکانى بکات لە بووژانەوەى ئابوورى و گفتوگۆى جیددى لەگەڵ بەغدا و بەهێزکردنى دیپلۆماسیەتى هەرێمەکەمان لەگەڵ دەوڵەتانى ئیقلیمى و نێودەوڵەتیدا.

دکتۆر سامان شاڵى، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تایبەت بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنى ٢٠ى ئۆکتۆبەرى پەرلەمانى کوردستاندا، پارتى وەک هێزى یەکەم مایەوە، ئەمەش گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکەمان، پارتى بەڵێنى ئەوەى بە هاووڵاتییان داوە، کوردستان بەهێزتر دەکات، بە تایبەت لە ڕووى ئابوورییەوە کە بتوانێت ئابوورییەکى فرەچەشن دروست بکات و گرنگى بە داهاتى ناوخۆ بدات لە ڕووى کشتوکاڵ و پیشەسازى و گەشتوگوزارەوە.

شاڵى دەشڵێ: سەرکەوتنى هەڵبژاردن بۆ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى گرنگ بوو، کە هێزێکى دیموکراتیی وەک پارتى، بە هێزەوە بمێنێتەوە و پەرە بە پێوەندییەکانى وڵاتەکەى بدات لەگەڵ دەوڵەتانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، لە ساڵانى ڕابردوو لەسەر دەستى سەرۆکى هەرێم و حکوومەت، پەرە بە پێوەندیى نێودەوڵەتى دراوە.

ناوبراو ڕوونیشی دەکاتەوە: گرنگە پێوەندیى ناوخۆ زیاتر پەرەی پێ بدرێت و ببێت بە چەترێک بۆ هەموو حزبەکان، حکوومەتێکى بەهێز دروست بکرێت، هەروەها گفتوگۆیەکى بەهێز لەگەڵ حکوومەتى ناوەند دەست پێبکرێت بۆ وەرگرتنى هەموو مافەکانى خەڵکى کوردستان، کە لە دەستووردا ئاماژەیان پێ کراوە.

دکتۆر سامان شاڵى، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتیشی: پێویستە حکوومەتى داهاتوو هەنگاوى ورد بنێت بۆ دوورخستنەوەى هەرێمى کوردستان لەو شەڕەى لە ناوچەکەدا هەیە، گوتاری حکوومەتى داهاتوو زۆر گرنگە، پێویستیشە پەرلەمان کار لەسەر ئەوە بکات شەرعییەت بداتەوە بە هەموو دامەزراوەکانى کوردستان، بۆیە دەبێ بە زووترین کات حکوومەت دابمەزرێت، بێگومان پارتیش دەورى سەرۆکى دەبێت، من بڕوام وایە وەک هەموو جار بۆ پاراستنی ئاسایشى کوردستان، لە پشکى خۆى بۆ لایەنى تر خۆش بێت و پەلە بکرێت لە پێکهێنانى حکوومەتەکەماندا.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار