کاندیدی هەڵەبجە بۆ KDP: خەڵکی هەڵەبجە بەرنامەی پارتییان قبووڵ بوو

هەڵەبجە-KDP.info- لە دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی سەرباری سەرکەوتنی گەورەی لەسەر ئاستی کوردستان، لە بازنەی هەڵەبجەش کاندیدەکەی سەرکەوت و خەڵک بە چاوی ئارامی و ئاوەدانی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پارتی دەڕوانێت، کاندیدە سەرکەوتووەکەی ئەو پارتیش دەڵێ: دەبمە پردی پەیوەندیی نێوان هەڵەبجەیی و هەورامییەکان و حکوومەت.
ژاکاو عەبدوڵڵا، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە بازنەی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردن لە حزبەکانی تر جیاواز بوو، ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگری، خەڵکی هەڵەبجە ئەم بەرنامەیەی پارتییان قبوڵ بوو، پارتی دەیەوێت خزمەتی ئەم پارێزگایە بکات، خەڵکی هەڵەبجەش پارتییان هەڵبژارد، بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی پارتی بگاتە سنوورەكە.
ژاکاو دەشڵێ: پارتی هیچ پۆستێکی باڵای لەم شارە نەبووە، بەڵام دەستی باڵای هەبووە لە هێنانی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی بۆ هەڵەبجە و هەورامان، زۆرینەی پڕۆژەکانی هەڵەبجەش بەرهەمی دەستی ئاوەدانیی پارتییە، پارتی کار لەسەر ئەوە دەکات هەڵەبجە بکات بە شارێکی مۆدێرن و هەڵەبجە ڕزگار دەکات لەو چەقبەستووییەی هەیە، هەروەها گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدات.
کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە بازنەی هەڵەبجە، ئاماژەشی دا: هەڵەبجە و هەورامییەکان چاویان لەوەیە، پارتی نموونەی ئاوەدانی و ئارامیی زاخۆ و دهۆک و هەولێر، بگوازێتەوە بۆ هەڵەبجە، دەبینە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی هەڵەبجەییەکان و وەک پرد دەبین لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا.
عەزیز ڕەسووڵ




