٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیاری سه‌رۆك بارزانی هاوسه‌نگی هێزی له‌ كۆبانێ گۆڕی

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر‌-KDP.info- ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر چوونی هێزى پێشمەرگەى كوردستان بۆ كۆبانێ‌ تێدەپەڕێت و لەو ڕۆژەدا هێزی پێشمەرگە توانی بەناو خاكی توركیادا بچێت بۆ كۆبانێ‌ و لەدوا ساتەكانی كەوتنی كۆبانێدا، توانى ئه‌و شاره‌ لە دڕنده‌یی چه‌كدارانى تیرۆریستى داعش  بیپارێزێت. 

پێشمەرگە لەیەكەم كاروانی چوونی بۆ كۆبانێ‌ بەناو شارەكانی هەرێمی كوردستان و خاكى توركیادا تێپەڕی، كە لەو رێگایەدا بە هەزارەها كەس لەپێشوازی كاروانی ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا بوون و زۆربەی شارەكان كاروانەكەیان گوڵ باران دەكرد، بە هوتافی بەخێربێن پێشمەرگە و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و سەركەوتن لەڕێیە، پێشمەرگە گەیشتە كۆبانێ‌ و لە یەكەم ڕۆژی چوونی پێشمەرگە بۆ ناو كۆبانێ‌ توانیان سەنگەرەكانی هێرشكردن و بەرگری داعش تێكبشكێنن و قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی پاككردنەوەی كۆبانێ‌ دەست پێبكەن. 

شایانی باسە، ئەو هێزانە بە چوار كاروان چوون بۆ كۆبانێ‌، یەكەم كاروانی هێزی پێشمەرگە لە رێكەوتی 28ی تشرینی یەكەم ساڵی 2014 بوو لە هەولێری پایتەختەوە بەرێكەوتن و ماوەی 35 ڕۆژ لەوێ‌ بوون و هەر لە یەكەم ڕۆژەوە دەست بە كار بوون، كە ژمارەیان 150 پێشمەرگەی هێزەكانی پشتیوانی بوون و چەكی قورس و مام ناوەند و سوكیان پێبوو، كاروانی دووەمیش لە 3ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2014 بوو. 

هەروەها كاروانی سێیەمین لە 15-1-2015 بوو، دوا كاروانیش جێگۆركێیان كرد لەگەڵ كاروانی سێیەم بۆ تەواو كردنی ئەركەكە، كە تا ڕەواندنەوەی مەترسی داعش لەسەر كۆبانێ‌ و ئازادكردنی ئەو شارە لەوێ مانەوە، دواتر گەڕانەوە خاكی هەرێمی كوردستان. 

لەو ماوەیدا هێزەكانی پێشمەگەی كوردستان لە شاری كۆبانێ‌ یەک شەهید و چەندین بریندارییان داو قارەمانانە لە دژی داعش جەنگان و توانییان پارسەنگی هێز بگۆڕن و داعش لە هێزی هێرشكرەوە بوو بە هێزی تێكشاو و پاشەكشە پێکراو.

رۆژی 22ی 10ی 2014 به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی و بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتێكدا كه‌ خه‌ریك بوو شاری كۆبانێ به‌ ته‌واوی بكه‌وێته‌ ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ چه‌ك و پێداویستیی پزیشكییه‌وه‌ به‌ره‌و كۆبانێ به‌ڕێ كه‌وت و دوای گه‌یشتنیان هاوسه‌نگی هێز له‌ كۆبانێ گۆڕاو و دواتریش به‌ خوێنی شه‌هید زێره‌ڤان ئه‌كره‌م توانرا تیرۆریستانی داعش له‌ شاره‌كه‌ وه‌ده‌ربنێن و شاره‌كه‌ رزگار كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار