سیاسەتمەدارێک: پارتی تا ھێرشی بکەیتە سەر بەھێزتر دەبێت

سلێمانی-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی شاری سلێمانی و ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانەی بەرانبەر بە پارتی وەستانەوە، تەنیا دروشمیان بەرز کردبووەوە، بەڵام پارتی عاقڵانە بە کردار بە خەڵکی گوت، من لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەم کردووە و ئەوەندە پڕۆژەم ھەبووە، خەڵکیش ئەم گوتارەیان قبووڵ کرد.
دڵشاد ڕەشید مەلا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگی ھێناوە و پێم وایە لە مێژووی ھەڵبژاردنی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، تا ئێستا ھیچ حزبێک ئەوەی تێپەڕ نەکردووە، نەک تێپەڕی نەکردووە، بگرە حزب نەبووە شان بدات لە نیوەی ئەو دەنگە، پارتی دەرکەوت حزبی ئینکاریکردن نییە، تا ھێرشی بکەیتە سەر بەھێزتر دەبێت و تا دژایەتی بکرێت فراوانتر دەبێت، بۆیە باشترە ڕکابەرەکانی پارتی میکانیزمی دیکە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ پارتی بگرنە بەر، خاڵێکی گرنگیش لەم ھەڵبژاردنەدا ئەوە بوو بە خەڵکی گوت، من لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەم کردووە و ئەوەندە پڕۆژەم جێبەجێ کردووە، بینیمان لە سەرتاسەری کوردستاندا دەنگی زۆری ھێناوە بەبێ جیاوازی.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: پارتی لە ھەندێک شوێن زەحمەتی بۆ خۆی کردووەتە ڕەحمەت، لە ھەڵەبجە کورسیی ھێناوە، لە دھۆک ٤٠٠ ھەزار دەنگی ھێناوە، لە کۆی گشتی ٢٣٠ ھەزار دەنگ زیادی کردووە، ئەمانە ھاوکێشەی قورسن بۆ حزبی سیاسی، پارتی دیارە توانیویەتی قەناعەت بە خەڵکی بھێنێت کە بەرنامەی کاری چییە، لە بەرانبەریشدا حزبەکانی ڕکابەری پێویستە ئالیەتی دیکە بدۆزنەوە، لەوەی کەچی بکرێت و بۆ داھاتوو چییان پێیە، ئێستاش بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باس لە نەبوونی ڤیتۆ دەکات لەسەر ھیچ حزبێک، کە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ھەموو لایەنەکان کە چۆن بەشداری لە حکوومەتدا بکەن.




