پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی پرۆفیسۆر خاتوو جۆیس بلەو

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی پرۆفیسۆر جۆیس بلەو، نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی، ڕایگەیاند: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری دەکەم و ناوبراو دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان بوو کە خزمەتێکی زۆری پێشکەشی زمان و ئەدەبی کوردی کرد".
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بارزانی.
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی پڕۆفیسۆر خاتوو (جۆیس بلەو)ـم پێ گەییشت. خاتوو (جۆیس بلەو) پاڵپشت و دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان بوو کە خزمەتێکی زۆری پێشکەشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئەنستیتوی کوردی لە پاریس کردووە و حەقی لەسەر ھەموومان ھەیە و پەرۆشی و زەحمەتەکانی بۆ خزمەتکردنی کورد لەبیر ناکرێن.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکار و ئاشنا و ھاوکارانی خوالێخۆشبوو خاتوو (جۆیس بلەو) و ھەموو نووسەر و زمانناسانی کورد دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم.
ڕۆحی خوالێخۆشبوو خاتوو (جۆیس بلەو) شاد و یادی ھەمیشە بەرز بمێنێت.
مسعود بارزانی
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤




