سه‌ربه‌ست ئامێدی: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌باشی به‌ڕێوه‌چوو

هه‌ولێر -KDP.info- سه‌رۆكی پێشووی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێی وایه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه‌چووه، ده‌شڵێ: ڕێژه‌ی به‌شداری كردنی ده‌نگده‌رانیش جێگه‌ی دڵخۆشییه.
سه‌ربه‌ست ئامێدی، سه‌رۆكی پێشووی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانە به‌ڕێوه‌چووه و ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌رانیش جێگه‌ی دڵخۆشییه، هه‌ندێ لایه‌نی به‌شداربووی پرۆسه‌كه گله‌یی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یش مافی خۆیانه.
سه‌رۆكی پێشووی كۆمسیۆن گوتیشی: له چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه چەند گرفتێکی بچووک هەبوون، به‌ڵام له ڕۆژی هه‌ڵبژاردن چارە کران، ئه‌و كه‌سانه‌ی گله‌یی ده‌كه‌ن ده‌توانن دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی تانه له ئه‌نجامه‌كان بده‌ن، دوای پێداچوونه‌وه‌ش بڕیار له‌سه‌ر تانه‌كانیان ده‌درێت.
له باره‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر، سه‌ربه‌ست ئامێدی ڕوونی كرده‌وه: سێ جۆر بوو، هه‌ندێكیان پێشتر په‌نجه مۆریان تۆمار نه‌بووه و ده‌رفه‌تی پێدراوه 5%ی ده‌نگده‌ران بتوانن ده‌نگ بده‌ن، كۆمسیۆن پێشتر 173 بنكه‌ی كردبووه‌وە، به‌داخه‌وه ته‌نیا 24 هه‌زار ده‌نگده‌ر سه‌ردانی كۆمسیۆنی كردبوو، جورێكی دیكه‌یان كێشه‌ی باركۆتی سه‌ر كارتی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌شێكی دیكه‌یشیان به‌هۆی نه‌خۆشی شه‌كره یان هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و كاركردنه‌وه په‌نجه‌مۆریان كێشه‌ی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئێواره سه‌ردانی كۆمسیۆنیان بكردایه چارە ده‌كرا.
قائید میرۆ




