پارتی و ژاپۆن باسی ئهو سینارۆیانەیان کرد کە بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتوو لەپێشن

هەولێر-KDP.info- مەکیهیرۆ ئەراکاو، کۆنسووڵی ژاپۆن، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبەوە پێشوازی کرا.
بەڕێز ئەراکاو، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هیوای خواست کە لایەنە براوەکانی ئەو پرۆسەیە بتوانن بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، باس لە دوایین پێشهاتەکانی پاش هەڵبژاردن و ئەو ڕێکار و سینارۆیانە کرا، کە بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتوو لەپێشن.
بەڕێز سیوەیلی، جەختی لە وتاری جەنابی سەرۆک بارزانی کردەوە، کە پارتی دەستی برایەتیی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکات تاکو پێکەوە خزمەت بە خەڵکی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان بکەین.
کۆنسووڵی ژاپۆن، هەروەها جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان کردەوە و هیوای خواست ئەو لایەنانەی مەیلی بەشداریی حکوومەتیان هەیە، پەلە بکەن لە دەستکردن بە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تاکو بتوانن خواستەکانی خەڵک بەدی بێنن.
بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە، پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، کە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لەو بارەیەوە، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوتی: ئێمە بە گرنگییەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانین و سەرژمێریی دانیشتووان زۆر گرنگە، کە چەندین ساڵە نەکراوە و کاتێک کە ئەنجام دراوە، بۆ مەبەستی سیاسی بووە، ئێستاش گرفت و بەربەست هەن و میکانیزمەکانی تاکو ئێستاش گومانیان لەسەر هەیە، بەڵام پارتی پشتیوانی لە سەرژمێرییەکی زانستی دەکات، کە بتوانێت خزمەت بە پێشکەوتن و بەرنامە و پلانی حکوومەت بۆ داهاتوو بکات.
پێشهات و کێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەکە و جیهان، بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێوستە لایەنەکانی نێو ئەو هاوکێشەیە پەنا بۆ دیالۆگ بەرن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو، کە بتوانرێت ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بهێنێت.
جەختیشیان کردەوە، کە پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێستا، دەبێتە هۆکاری کێشەی زیاتر بۆ جیهان، بۆیە گرنگە هەموو لایەک خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە.




