سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا دەکات

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 10/22 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە كونسوڵی گشتی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی ، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ئاماژە بە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرا کە لە کەشێکی ئارام و دیموکراتیانەدا ئەنجام درا سەرەڕای هەبوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی و بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران لە مافی دەنگدان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی و پێویستیی دەستکردن بە ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە زووترین کاتدا، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.




