٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئەبوبەکر بۆ KDP: مەسروور بارزانی قەڵایەکی پڕ لە ئارامی دابین کرد

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- کەسایەتی و پسپۆڕێکی کورد، لە ھەڵسەنگاندنیدا بۆ بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمان، ئاماژەی بە مێتۆدی دیموکراتی و بانگەشە و بەرنامەی پڕ ئەتەکێت و سەنگین و نیشتمانییانەی پارتی کرد و ڕایگەیاند، بەرنامە و بانگەشەی پارتی، کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێ لە فەرھەنگی سیاسی.

پ.ی.د. ئەبوبەکر دێوانە باڵەکی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵسەنگاندنێکدا بۆ مێتۆدی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ڕایگەیاند: ئەگەر سەیری بانگەشەی پارتی بکەین، دەبینین بانگەشە و مێتۆد و بەرنامەکەی ھەمەلایەن بوو بۆ تەواوی کایەکانی ژیان و ژیاری خەڵکی کوردستان، ھەم لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەرنامە و بانگەشەی پارتی، کارکردن بوو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی بۆ کوردستانێکی بەھێز و ڕاگرتنی ھاوسەنگیی سیاسی لە نێوخۆی کوردستان و بەھێزیی پێگەی سیاسیی کوردستان و مانەوەی وەک قەوارەیەکی دەستووری لە عێراقی فیدڕاڵ و ڕاگرتنی ھاوسەنگیی سیاسیی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ھێزە نەیارەکانی ناوچەکە.

دکتۆر ئەبوبەکر ھەروەھا گوتی: لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە، دەبینین کارنامەی پارتی کار لەسەر دابینکردنی فرە سەرچاوەی داھات بۆ سەقامگیریی ئابووریی کوردستان دەکات، بە جۆرێک کە کوردستان سەرچاوەی داھاتی ھەمەجۆری ھەبێت وەک: کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و سەرچاوەی سرووشتی و داھاتی ناوخۆیی و ھەناردەکردن و پیشەسازی، بۆ ئەم مەبەستەش کارنامەی پارتی گرنگییەکی تایبەتی بەم بوارە داوە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کارنامەی پارتی گرنگیی تایبەتی بە پاراستنی خێزان و تاک داوە، کە بنەمای سەقامگیریی لایەنی کۆمەڵایەتییە و دابینکردنی ھەلی کار بۆ گەنجان بە مەبەستی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و کارنامەکە کاری جیددی دەکات لەسەر دابینکردنی دادگەریی کۆمەڵایەتی و نەھێشتنی چینایەتیی ناڕەوای کۆمەڵایەتی و دژایەتیی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە ھەموو ھەوڵێک بۆ تێکدانی شیرازەی جوانی کولتووری کوردەواری، لەوانە: ھەوڵی نەیارانمان لە بەلاڕێدابردنی گەنجەکانمان و ئاڵوودەکردنیان بە بابەتی تلیاک و ماددە ھۆشبەرەکان.

ھەروەھا تیشکی خستە سەر ئەوەی، کاتێک سەیری بەرنامەی پارتی دەکەین، دەبینین کارنامەی پارتی کاری لەسەر بەسەنتەرکردنی گوند و دێھاتەکان کرد بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ڕاگرتنی ھاوسەنگی لە نێوان شار و گوندەکاندا و ئەوە لە بانگەشەکەدا بە وردی دیار بوو، ھەروەھا لە ڕووی ئایینییەوە کارنامەی پارتی جەخت لە پێکەوەژیانی ئایینی دەکاتەوە و دەڵێ کە، ڕێبازی پارتی بریتییە لە ڕێبازی بارزان، بارزان بریتییە لە عەدالەت و دادپەروەری و یەکترقبوڵکردن و ژینگەپارێزی، ھاوکات بارزان باوەڕێکی میانڕەوە کە بریتییە لە ئەشعرییەت و شافعی مەزھەب و تەسەوفی نەقشبەندی کە بنەمای یەکترقبوڵکردن و میانڕەویی ئایینی و مەزھەبی.

دکتۆر ئەبوبەکر باڵەکی ئاماژەی بەوەش دا: بانگەشە و کارنامەی پارتی گرنگییەکی تایبەتی دا بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەوانەش، دابینکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ ھەموو تاکێکی کورد و دروستکردنی چەند زانکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی، ھەروەھا کاتێک گوێت لێ دەبوو و سەیرت دەکرد و کۆی گشتیت دەبینی، دروشمی بانگەشەی پارتی بریتی بوو لە ئارامی، ئاوەدانی و خۆڕاگری بەرامبەر نەیار و ناحەزانی ئەزموونی کوردستان و پێکەوەیی، پارتی دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێتە کوردستانیان کە ھەموومان لەناو کەشتییەکین لەنگیی کەشتییەکە لەنگی و مەترسییە بۆ سەر خاک و خەڵکمان، بۆیە با جیاوازیی سیاسیشمان ھەبێت، بەڵام دەبێت خاک و کوردستان کۆمان بکاتەوە، بۆیە پێویستیمان بە پێکەوەییە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئەو ئاکادیمستەی کوردستان گوتی: مەسروور بارزانی قەڵایەکی پڕ لە ئارامیی بۆ کوردستان دابین کرد، ئەو قەڵایەی جوانتر کرد بە ئاوەدانی لە کابینەی نۆیەمدا، ئێمە بینیمان کە جۆرەھا مەترسی لەسەر ئەو کابینەیە ھەبوون لە دەرەوە و لە ناوەوەش مەترسیی ناوخۆیی زیاتر بوون لە مەترسیی دەرەکی، بەڵام خۆڕاگر بوو، ھەروەھا ئەزموونی کوردستانی پاراست، بۆیە با دەستی بگرین تا کوردستان بگوازێتەوە بۆ قۆناغی خۆشگوزەرانی و ڕەفاھیەتی تاک و کۆمەڵگا.

 

سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار