٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی هەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەسروور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدا.

بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەکەم، سوپاسی خۆڕاگری و بەشداریی کارای ھاووڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم. 

سوپاسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ئەم پڕۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەکەم، ھەرچەندە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتیان بە ھۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە ھەوڵی جددی بدرێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی ھەر ھاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت.

سوپاسێکی تایبەت بۆ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو کەشە ھێمنەی بۆ ھەڵبژاردنیان ڕەخساند.

سوپاس بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەکان کە گەواھیدەری ئەم سەرکەوتنە بوون.

سوپاسی گشت لایەنە سیاسییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم ھەڵبژاردنە و ھاوکارییان بۆ سەرکەوتنی.

پەنا بە خوا و بە  پاڵپشتی ھاووڵاتیانی دڵسۆزمان، ئومێد دەخوازم بە ھەبوونی پەرلەمانێکی کارا و بە بەشداریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت ھەرچی زووتر، کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم بخرێتە خزمەتی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و پێشکەوتنی زیاتری ھەرێمی کوردستان.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/١٠/٢٠

هەواڵی پەیوەندیدار