ھەڵبژاردنی پارتی لە دھۆک: رێژەی بەشداری دەنگدەران لە بەرزبوونەوەدایە

دهۆک-KDP.info- لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمان، تا سەعات ٢ رێژەی بەشداری دەنگدان، بەگوێرەی لێدوانی فەرمیی بەشی ھەڵبژاردنی رێکخستنی پارێزگای دھۆک-پارتی دیموکراتی کوردستان، ٤٧٪ بووە، بەڵام تا کۆتایی پرۆسەکە چاوەڕوانکراوە رێژەکە بگاتە ٧٠٪.
لە پارێزگای دھۆک تا دێ، زیاتر دەنگدەر بەرەو سندوقی دەنگدان دەچن، بەرپرسانی ھەڵبژاردن لەم پارێزگایە گەشبینن کە رێژەی بەشداری دەنگدان بگاتە ٧٠٪.
خالید ئەحمەد بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای دھۆک-پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت، تا کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە ٤٧٪، پێشبینی دەکەین ئەم ژمارەیە بگاتە ٧٠٪ تا کاتی داخستنی سندووقەکانی دەنگدان.
لە پارێزگای دھۆک، زیاتر لە دوای نیوەڕۆ خەڵکی دەچنە سەر سندوقی دەنگدان، ھەروەک خالید ئەحمەد باسی کرد، لە دھۆک وایە، لە ھەڵبژاردن زیاتر لە دوای نیوەڕۆ تا ئێوارە خەڵکی دەچنە دەنگدانەوە.
بەگوێرەی لیدوانی خالید ئەحمەد، بەھۆی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، نزیکەی ٤٠ هەزار دەنگدەر لە پارێزگای دهۆک، ناتوانن دەنگبدەن، جگە لەو ٥٪ی بەھۆی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر دەتوانن دەنگبدەن کە ئەمە کۆمسیۆن بڕیاری لێداوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕێکارێکی گرتووەتەبەر، کە ڕێگە بە ٥٪ی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی کێشەی پەنجەمۆر بوون دەنگ بدەن، ھەرچەند بۆ چارەسەری کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر رێکاری زۆر دەگیرێتەبەر بۆ خوێندنەوەی پەنجەمۆر، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر پەنجەمۆرەکە نەخوێنرایەوە جگە لەو ٥٪ کۆمسیۆن دیاری کردووە، ئەوا خەڵکانێک لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرێن.
لەگەڵ بوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە مەیداندا، هەموو چاوەکان لەسەر دهۆک و شارەکانی تری کوردستانن کە چۆن ئەم ئەزموونە گرنگەی دیموکراسی بەڕێوە دەبەن، بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستا لە رۆژھەڵاتی ناوین کە جەنگ و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکە ھەیە، سەرنجڕاکێشە کە ھەرێمی کوردستان بە ھەڵبژاردن پێداگری لە پارێزگای لە ھەرێمێکی ئارام لە ناوچەکە دەکاتەوە.
قائید میرۆ




