فازڵ میرانی: ئێمە براش نەبین هاوبەشی یەکدیین

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''ئەوانەی بۆ هەڵبژاردن دروشمی زبر بەکاردەهێنن، دواتر لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکوومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین''. گوتیشی، ''ئێمە هەر لە حکوومەت دەمێنینەوە، ئینشائەڵڵا.''
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە رۆژنامەنووسان کرد کە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە ڕووماڵی هەڵبژاردن بکەن.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: ''لە هەموو جیهاندا پیشەی راگەیاندن لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە، هەندێک کات ئەمە بە کەمی لە راگەیاندنەکانی خۆماندا دەبینم و تووڕە دەبم.''
فازڵ میرانی گوتیشی، ''ئێمە لە ساڵی 1992ەوە هەڵبژاردن دەکەین کە بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەمووی دیموکراسی نییە، دیموکراسی واتایەکی گشتیی هەیە کە هەر وڵاتێک بەپێی سیستەمی خۆی جێبەجێی دەکات (پڕاکتیزەی دەکات).''
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە دا، ''سەرکەوتنی دیموکراسی و رکابەری لەوەدایە کە چەندە لە واتای دیموکراسی تێگەیشتووین، چۆن خاوەندارێتیی (تەبەننی) دەکەین و چۆنی بەڕێوەی دەبەین.''
فازڵ میرانی ئاماژەی بە دروشمی زبری هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد و گوتی، ''دەبینین دروشمی جیاجیا هەیە، یەکێک دەڵێت دەیگۆڕین، بەڵام ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنە دەیگۆڕێت، خۆ هیچمان بە شۆڕش نەهاتووین کە بە شۆڕش بگۆڕدرێین. ئەم زمانە زبرە بزووتنەوەی سیاسی دوور دەکاتەوە لە کولتوور، ئەدەب و پەروەردەی کورد و کوردستان کە پێمناخۆشە.''
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوانەی ئێستا دروشمەکانی بڕووخێنین، بار بکەن بڕۆن، دەیگۆڕین و بەسە دەڵێنەوە، سبەی لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکوومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین، خۆ کەسمان بار ناکات لەو وڵاتە بڕوات، ئێمە براش نەبین، هاوبەشی یەکدیین.''
فازڵ میرانی دەڵێت، ''ئێمە هەر لە حکوومەت دەمێنینەوە ئینشائەڵڵا، لام سەیرە وشەی ئینشائەڵڵا بەکارناهێنن، تەنانەت برایانی ئیسلامییش بە ئینشائەڵڵاوە ناڵێن بەسە یان دەیگۆڕین، ئینشائەڵڵاکەمان لەبیرچووە و ئەمە باش نییە، چونکە هیچ شتێک بەبێ ئینشائەڵڵا ناکرێت.''
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، ''من پێموابوو ئەمڕۆ قسەکانی ئێمە هەمووی بەرەو ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و ئارامیی وڵاتەکەمان دەڕۆن، بەڵام بەداخەوە هەندێک قسەم گوێ لێبوو لە ژمارەیەک برادەر کە دەیانگوت کۆتاییان پێدەهێنین، بەڵام ئەوە تەنیا مردنە کۆتایی بە مرۆڤ دەهێنێت، نەک هیچ شتێکی دیکە.''




