زیاتر لە ٢٠٠ کادیر و ئەندامی یەکێتی لە سنووری لقی نۆ پەیوەندییان بە پارتییەوە کرد

ئاکرێ-KDP.info- ئەمڕۆ لە سنووری لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لە ٢٠٠ کادیر و ئەندامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش لە مووسڵ کە وازی ھێناوە، دەڵێت: بە دڵسۆزییەوە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خەبات دەکەین و داواش لە لایەنگرانی خۆمان دەکەین، دەنگ بە لیستی پارتی بدەن.
دکتۆر (مەردان خدر)، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کادیر و ئەندامانی یەکێتی دەکەین، کە بریتین لە (کەبیر گۆران) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە مووسڵ و (ئەحمەد جەربوع) کارگێڕی کۆمەڵایەتیی مەڵبەندی یەکێتی لە مووسڵ و (کاک ناسح) ئەندامی کۆمەڵایەتیی مەڵبەندی یەکێتی لە مووسڵ و هەروەها ژمارەیەکی کادیر و ئەندامی دیکەی یەکێتی پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، کە دەزانن و ھەست دەکەن تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات و خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان، بۆیە بڕیاریان داوە لە ژێر سێبەری پارتی و بارزانی درێژە بە خەباتی کوردایەتی بدەن و کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارام، بۆیە سوپاسی (بەشار مشیر ئاغا) دەکەین، کە رۆڵێکی سەرەکیی ھەبوو ئەو برادەرانە بێنە ناو ریزەکانی پارتی خەبات بکەن و سوپاسی فەرماندە (مەنسوور بارزانی)یش دەکەین کە ھاوکار بووە ئەو بەڕێزانە بێنە ناو پارتی، هەروەها سوپاسی (نازم ھەرکی) بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دەکەین، کە ئەویش ئامادەیە و بەشێک لەو برادەرانەش خەڵکی شنگال و سنووری لقی شنگالن بوونەتە پارتی.
(بەشار مشیر ئاغا) سەرۆکی عەشیرەتی گۆران گوتی: خۆشحاڵین ژمارەیەکی زۆری عەشیرەتی گۆران هاتنە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە جگە لە پارتی، ھیچ حیزب و لایەنێکی دیکە نییە بەرژەوەندیی خەڵک و خاکی کوردستانی بوێت و تەنیا پارتی دۆزی رەوای کورد بەئامانج دەگەیەنێت، بۆیە دۆڵخۆشین خەڵکی ئێمە رۆژانە پەیوەندی بە ریزەکانی پارتییەوە دەکەن و فەرماندە (مەنسوور بارزانی) ھاوکار بووە ئەو خزم و دۆستانە بێنە ناو ریزەکانی پارتی و بەرپرسی لقی نۆی پارتی و بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، ئەوانیش ھاوکار بوونە ئەو برادەرانە بێنە ناو پارتییەوە، بۆیە خۆشحاڵین ئەو برادەرانە ھاتوون لەناو ریزەکانی پارتی درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن.
(کەبیر گۆران) کارگێڕی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە مووسڵ، گوتی: ٣٣ ساڵە ئێمە لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانین و چیتر ناتوانین ئەو ناعەدالەتی و پشتگوێخستنە قبوڵ بکەین، بۆیە بڕیارمان دا بێینە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دڵسۆزانە لە ریزەکانی پارتیدا کار دەکەین، داواش لە ھەموو خزمەت و دۆستان و لایەنگرانی خۆمان دەکەین، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و ئێمەش پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




