سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی: ده‌رگامان بۆ هه‌مووان كراوه‌یه

هەولێر-KDP.info- له قوشته‌په به‌ردی بناغه‌ی BCF City دانرا كه چه‌ندان یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌خۆ ده‌گرێت و دوای ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه، به‌سه‌ر هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌تی شارۆچكه‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كرێن.
له رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رای‌گه‌یاند، ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ قایمقامییه‌تی قوشته‌په جێبه‌جێی ده‌كات، كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاروانیی قوشته‌په، پارچه زه‌وییه‌كی به ڕووبه‌ری 35 هه‌زار مه‌تر دووجا بۆ دروستكردنی 180 خانووی بۆ ته‌رخان كراوه.
هاوكات مووسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خۆی به قه‌رزاری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانێت، به‌ڵام قوشته‌په تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بۆ ده‌زگاكه هه‌یه، بۆیه ئێستا قایمقامی قوشته‌په ڕێگه‌ی بۆ كورت كردینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی شارۆچكه‌كه بكه‌ین، هه‌روا له داهاتووشدا بتوانین خزمه‌تێكی زیاتری خه‌ڵكی جێژنیكان و هه‌ولێر و هه‌ولێرییه‌كان و ده‌وروبه‌ری بكه‌ین، چونكه ده‌زانین چ هه‌ڵوێستێكیان هه‌بووه بۆ هاوكاری و خزمه‌تكردنی ئاواره و په‌نابه‌ران.
په‌یمانیشی دا كه ده‌رگای ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ هه‌مووان كراوه‌یه و به‌بێ جیاوازی ده‌یانه‌وێت خزمه‌تی هه‌موو شوێن و ناوچه و چین و توێژێك بكه‌ن.




