سیهاد بارزانی: بۆ پاراستنی کوردستان بە خوێن بێت یان پەنجەمۆر ئامادەین

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی هێزەکانی پێشمەرگە داوا لە هەموو هاونیشتمانیان و هێزە ئەمنییەکان دەکات دەنگ بدەن. "رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەنگدان و پێدانەوەی شەرعییەت بە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان."
ئەمڕۆ هەینی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. دوای دەنگدانی، سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەنگدان و پێدانەوەی شەرعییەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان. وەکو هێزەکانی پێشمەرگە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەین".
هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە. فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە باسی لە سەرەتای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "کاتی خۆی لە ساڵی 1991 جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) لە کۆیە ئەم بڕیارە (بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن)ـی دا. لەبەر ئەوە ئێمە پابەندین بەو بڕیارەی جەنابی سەرۆک و بۆ پاراستی کوردستان چی بە چەک بێت یان بە پەنجەمۆر".
سیهاد بارزانی داوای لە هاووڵاتییان کرد، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگی خۆیان "کوردستان رێکبخەن و حکوومەت بکەنە یەک حکوومەت و دووبەرکی گەندەڵی نەهێڵن و هێزەکانیش یەک بخەن".




