بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان تۆمار کراون

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان، لە بنکەکانی دەنگدان تۆمار کراون و هەر لایەنێک بەڵگەی پێ بێت، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات".
ئهمڕۆ هەینی، 18-10-2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، "باسی لە بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت و بوونی ژمارەیەک پێشێلکاریی لە ژمارەیەک بنکەی دەنگدان، لە سلێمانی و هەڵەبجە کرد.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوە کرد، "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، هەندێک کێشەمان هەبوون و چارە کران، بەڵام ئێستا ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت مۆبایل بباتە نێو بنکەکانی دەنگدان". گوتیشی، "ژمارەیەک سکاڵا تۆمار کراون و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان هەن، هەر لایەنێک بەڵگەی پێ بێت، دەتوانێت سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان تۆمار بکات".
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، "کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، ڕێژەیی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان بڵاو دەکەینەوە".
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.




