سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مێرگەسۆر دانا

مێرگەسۆر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ٢١ پرۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دانا.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەم پرۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە ھاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن و بەرنامەی حکوومەتیش ئەوە بووە کە گرنگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکوو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە ھەموو گوند و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی ھەموو ھاووڵاتییانی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ھاوکات لەبارەی دەڤەری بارزانەوە، دەڵێت: "بارزان دەڤەرێکی ستراتیجییە و مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە ١٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسھێناوە. بۆیە دوژمنانی کوردستان ھەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە ھیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە."
مەسروور بارزانی، گوتیشی: "لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام ھەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە، ھیوادارم دوژمنان ھیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و ھیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن. ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن، کوردستان و بارزان ھەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەموو گوندەکانی کوردستان."
جەختی لەوە کردەوە، ئامانجێکی دیکەی حکوومەت پێشخستنی باری ئابووری و ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکوو دروستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داھاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داھاتی گشتیش زیاتر دەبێت.





