لە یادی 66 ساڵەی لە سێدارەدانی پێشەوای كورد قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد كە گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد

پێشمەرگەی دێرین )هەمزە حەمەدئەمینروستایی)بەشدار بووی كۆماری كوردستان لە مەهاباد:پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر پەیوەندیەكی كوردایەتیان پێكهەوە بوو، بۆ كوردایەتی هەرچیان پێ كرابا دەریغیان نەكرد، همیشە پێكەوە دەهاتنە ناو بەرەكانی شەڕ و سەردانی پێشمەرگەیان دەكرد
سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد زۆر قۆناغ و پێنگاڤی مێژوویی هاوێشتووەو، لە هەر قۆناغێكدا خەبات و قوربانیدانی بێ وێنەی بۆ تۆمار كراوە، چوونی لەشكری بارزانییەكان بۆ بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد قۆناغێكی گرنگ و چارەنوسساز بوو لە مێژووی خەباتی گەلی كورد.دوێنێش سالێادی لە سێدارەدانی پێشەوای كورد قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد كە گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد. واتە یادی 66 ساڵەی لە سێدارەدانی ئەو قارەمانانەیە كە گیانی خۆیان لە پێناو كوردستان فیدای كرد، بە پێویستمان زانی بۆ ئەم جارەش لە نزیكەوە لەگەڵ پێشمەرگەی دڵسۆز و دێرین كە بەشدار بووی شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگری لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی بكەین ئەویش )هەمزە حەمەدئەمینروستایی) تەمەن 85 ساڵانە، ئەم تیكۆشەرە لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە ساڵی 1928 لە گوندی روستی سەربە دەڤەری باڵەكایەتی لە دایكبووە، هەر لە تەمەنی لاویەتی دا چەكی شەرەفی هەلگرتووە بۆ پارێزگاری لە كورد و كوردستان و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە رەوای گەلی كوردستان.
· لە سەرەتا مام (هەمزە روستایی) لەبارەی تێكەڵبوونی بە خەباتی كوردایەتی وناسینی بارزانیی نەمر گوتی:
هەرچەندە باری تەندروستیم باش نییە، بەڵام دەتوانم هەندێك لە یادگاریەكانی رۆژانی سەخت خەباتم بگێڕمەوە، لە دوای گەڕانەوەی سەربەرزانەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لەساڵی 1943 بۆ دەڤەری بارزان، دوای گەڕانەوەیان سەردانی ناوچەكانی كوردستان و پەیامی شۆڕشگێرانەیان بە خەڵكی كوردستان راگەیاند، چونكە ئەو كات ئەو زۆردارییە رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندا بوو بەهۆی ناعەدالەتی و ستەمەی كە دەرحەقی خەڵكی كوردستان دەكرا، بەڵام ئێمە ئەم زوڵم و زۆرداریەمان قەبوول نەدەكرد و چۆكمان بۆ دوژمنان دانەنا. من ئەو كات لە گەڵ وەهاب ئاغای لە هەندرین بووین و دواتر بە چەند كەسێك گەیشتینە بارزانیی نەمر، ئەوەی لە بیرم دێت لە شۆڕشی دووەمی بارزان لەشەڕی مێرگەسۆر بەشداریمان كرد و گەورەترین سەركەوتنمان لە گەڵ لەشكری بارزانیەكان بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر بەدەستهێنا. من وەك لاویك خۆزگە وئاواتم بوو ببمە یەكێك لەو فیداكارانەو لە پێناو بارزانیی نەمر و كوردستان گیان خۆم تەرخان بكەم، چونكە ناوی بارزانیی نەمر رابەر لە هەموو كوردستان بڵاوببووەوە كە چەندچاوەنە ترس و كوردپەروەر و شۆڕشگێر و خەباتكار بوو، بۆیە من شانازی بە خۆم دەكەم كە پێشمەرگە بارزانیی نەمر بووم بۆ كوردایەتی و سەربەخۆی كوردستان.
· هەروەها لەبارەی چوونتان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد مام ( هەمزە روستایی) گوتی:
پاش گەیشتنمان ئێمەیان لە سەر بە چەندین ناوچە و شارو گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دابەش كرد، من و چەند كەسێك لە گەڵ وەهاب ئاغای دا بووین، بەراستی زۆر ناخۆشی و دەردەسەریمان بینی چونكە لەشكری بارزانییەكان بەسەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر لە كاتی چوونیان بۆ بەرگری كوردستان لە مەهاباد ئەو رێگا سەختە و ناخۆشە و سەختەیان بڕی، بە برسیەتی و سەرما و كەمینەی دوژمنان لە گەڵ ماڵ و خێزان دەهاتنە ئەو دیوی كوردستان و تاكو پەڕینەوە دوژمنان ئەوانیان بە بەردەوامی بۆردومان دەكرد كە چووین و لە لایەن خەڵكی دڵسۆزی ناوچەكانی كوردنشین كوردستانی رۆژهەڵات پێشوازی كران، دوای دابەش بوونمان لە سەرداوای بارزانیی نەمر هەر ماڵ و چەندخێزانێك بە سەر گوندەكان و ناوچەكانی دیكە دابەش كراین.
دوای ماوەیەك، پێویست بوو خۆمان ناونووس بكەین سوێند بخۆین كە نابێ خیانەت لەم كۆمارە بكەین و چەندین خول و مەشقی سەربازیمان دێت،دواتر كە پێشەوای كوردان قازی محەمەد داوای لە بارزانیی نەمر كرد بەشداری لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بكات، لە یادمە لەو رۆژەدا خەلك هەموویان لە خۆشی و شادیدا بوون و شاییان دەكرد، دواتر لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لە رۆژی 22/1/1946 كۆماری كوردستان لە مەهاباد راگەیاندرا، خەلك زۆر بە گەرمی پێشوازیان لە سەركردەی كورد بارزانیی نەمر و هاوڕێیانی دەكردو شیعر و سرودیان دەخوێندنەوە .بۆ یەكەم جار ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد بە سەرۆكایەتی پیشەوای كوردان قازی محەمەد و بارزانیی نەمر هەڵگرا و قازی محەمەد بووە سەرۆكی كۆمارەكە و بارزانیی نەمر بە پلەی ژەنراڵ بووە فەرماندەی عەسكەری لە كۆماری كوردستان، من ناتوانم ئەو رۆژە لە بیر بكەم رۆژەكی مێژووی بوو.
· لە بارەی رۆڵی بارزانیی نەمر لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بەڕێزیان گوتی:
بارزانیی نەمر ئیرادەیەكی بەهێزی هەبوو، بە خەباتی چەكداری بەرگری لە كوردستان كرد و لەویشدا هەمان بیرووچوونی بۆ كوردستان هەبوو و هەمیشە گەورەترین زەربەی لە دوژمن دەدا. باوەڕبكەن ئەو كات بە برسیەتی و سەرما و گەرما بەرگریمان كرد بەرامبەر ئەو هێزە گەورەیەی دوژمن و گەورەترین زەربەمان لە دوژمن دەدا، راستە زرووفەكی ناخۆش بوو، بەڵام رابەری كوردمان بارزانیی نەمر لە گەڵماندا بوو، ئەمەش بۆ ئێمە لە هەمووشتێك گرنگتربوو، بارزانیی نەمر هەموو جار دەیفەرموو: دەبی بەرگری خاكی كوردستان بكەین لە هەر شوێنێك بێت و دەبێت میللەتی كوردستان هەربگاتە مافەكانی خۆی، هەمیشە بە شانازیییەوە خۆمان خزمەتكاری میللەتی كوردستان دەزانین، بارزانیی نەمر هەمیشە دەیزانی كە رۆژێك هەردێت كوردستان ئازاد دەبێت بۆ سەرفرازی.
· لە بارەی پەیوەندی نێوان پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر، مام (هەمزە روستایی) گوتی:
پەیوەندیەكی كوردایەتیان پێكهەوە بوو، بۆ كوردایەتی هەرچیان پێ كرابا دەریغیان نەكرد و هەردووكیان لە بنەماڵەیكی كوردپەروەر و ئاینپەروەر بوون، پێشەوا قازی محەمەد لەگەڵ بارزانیی نەمر هەردووكیان دوای دامەزراندنی كابینەی حكومەتی كوردستان لە مەهاباد بۆ خزمەت كردنی كورد و كوردستان هاوكاری و پاَلپشتیی تەواوی خۆیان لەم كۆمارە كرد، باش لە یادمە هەمیشە هەردووكیان پێكەوە دەهاتنە ناو بەرەكانی شەڕ و سەردانی ئێمەی پێشمەرگەكانیان دەكرد و ئێمەیان ئاموژگاری دەكرد كە نابی روحیەی خۆمان لە دەست بدەین و دەبی بیری سەركەوتن بكەین بۆ كوردایەتی بە هەبوون و نەبوون، پێشەوا قازی محەمەد هەموو كاتێك بارزانیی نەمروەك رابەری نەتەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تەماشا دەكرد و بارزانیی نەمریش قازی محەمەدی وەكو پێشەوای كوردان ناو دەبرد.
· لە بارەی لە سیدارەدانی پیشەوا قازی محەمەد و هاورێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد مام (هەمزە روستایی) چاوەكانی پڕببون لە فرمێسك، گوتی:
هەرچەندە ئێمەی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی لەگەڵ رابەرمان بارزانیی نەمر بە تەوای پاڵپشتی كۆمارەكە بووین و لە چەندین شەڕدا وەك سەقز و نەلۆس و ئالتون و میانداو وهتد ...، بەشداریمان كرد و گەورەترین زەربەمان لە دوژمن دا و هەتا ئاخرین نەفس خاكی كوردستانمان پاراست، لە كاتی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بارزانیی نەمر چەندین جار بە پێشەوا قازی محەمەدی فەرمووو: پێشەوا خۆت بە دەستی ئەم دوژمنانە مەدە، چونكە هەر كاتێك دەستیان بگاتە تۆ دەتكوژن و بۆ ئێمەش زۆر بە خراپی دەشكێتەوەو كورد زەرەر دەكات، ئەگەر سەركردەیەكی وەك تۆ لە دەست بدات، جا بۆیە دەڵێم ورە لە گەڵمان بڕۆین بە خۆت و هاورێیانت لەگەڵمان وەرن، ئەگەر نانێكمان هەبێت پێكەوە دەخوێن و پەیمان بێت تا لە ژیان ماوەم بەرگریت لێ بكەین، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد ئەمەی قبول نەكرد و نەیدەتوانی خەڵكی مەهاباد بە جێبهێلێت.پاشان پێشەوا قازی محەمەد پێی فەرموو: من نایم، بەڵام ئاڵای كوردستان وەك ئەمانەتێك تەسلیم دەكەم، دواتر هەر دووكیان خواحافیزیان لە یەكتر كرد، بارزانیی نەمر دەیزانی قازی محەمەد دەكوژن و دواتر لە رادیۆ گوێمان لێبوو كە قازی مەحمەدو هاورێكانی گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی كورد و كوردستان .
· لە كوتایی قسەكانی مام(هەمزە روستایی) لەم یادە گوتی:
ئێستا كەیادی 66 ساڵەی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕییانی كە بۆ كوردستان گیانفیدا بوون، دەبی هەمیشە خۆمان بۆ كوردایەتی بە هێزبكەینەوە، دەمەوێت بڵێم ئەوەی ئێستا كە منی خۆشحاڵ كرد بەچاوی خۆم بینی لە سەرهەموو دام و دەزگاكاندا ئاڵای كوردستان دەشەكێتەوە، ئەو ئاڵایەی كە پێشەوا قازی محەمەد بە ئەمانەت دایە دەستی بارزانیی نەمر، بۆیە نابی خەبات و ماندووبوونی رابەری كوردستان بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و خوێنی شەهیدانی كوردستانە لەیاد بچێت، ئەوە هەموو ئازادی و ئەزموونە لە سایەی خەبات و قوربانیدانی ئەوانە، لە كۆتاییدا سڵاو رێز و نوازش بۆ گیانی پاكی بۆ پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی و سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان، پێوستە هەموو سالێك ئەم یادە مەزنە بە شكۆدارییەوە بكەینەوە و دەبی نرخی ئەم دەستكەوتانە بزانیین وبە باشترین شیوە بیانپارێزین.سڵاو درود بۆ هەموو شەهیدەكانی كوردستان و سەر قافلەیان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ.
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4288) رۆژنامەی خەبات (1-4-2013) بڵاوبوویتەوە.




