٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆفیسۆر قەرەداغی بۆ KDP: ھەڵبژاردنی لیستی ١٩٠ی پارتی ھەڵبژاردنێکە بۆ ئایندەیەکی باشتر

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ئاکادیمی و کەسایەتیی سنووری پارێزگای سلێمانی، پرۆفیسۆر دکتۆر کاوە قەرەداغی ده‌ڵێ، ئەوانەی بە ناوی سلێمانییەوە چوونە ناو کابینەی حکوومەت لە کابینەکانی پێشوو ھێندەی عەرقەلە و بەربەستیان دروست کردووە بۆ خزمەتی سنوورەکە لەلایەن حکوومەتەوە، نیو ھێندە لە بیری خزمەتی سلێمانیدا نەبوون و ھەر خەریکی ناشرینکردنی وێنەی حکوومەت بوون لەلای خەڵک، ھاوکات پێی وایە، خزمەتگوزاری و سەرمایەگوزاری و دڵسۆزی سنووری دھۆک و ھەولێر بە بەراوردی سلێمانی دەریدەخات کێ حکوومڕانی باشە و کێش تەنیا بۆ پارە و ئیمتیازات دەچێتە حکوومەتەوە.

پرۆفیسۆر دکتۆر کاوە قەرەداغی، کەسایەتی و ئاکادیمی کورد لە سلێمانی لە پەیامێکدا لە ڕێگه‌ی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕایگەیاند: بۆ گەلی ئازیزمان لە پارێزگای سلێمانی، لەم قۆناغە ھەستیارەی مێژووی ھەرێمی کوردستاندا، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبینەوە کە پێویستی بە یەکڕیزی و دیدگای ڕوون و سەرکردایەتییەکی ژیرانە ھەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدرێژایی دەیان ساڵ، ھەمیشە لە پاڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان وەستاوە و ھەوڵی گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووریی داوە، ھەر وەک ھەمیشە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ھەرێمی کوردستان شایەنی ئەوەیە کە ڕێز لە فرەچەشنی بگرێت و بەدوای ھاوکاری ھەموو پارێزگارەکاندا بگەڕێت بۆ داھاتوویەکی باشتر. 

ناوبراو پێی وایە، لە سەردەمی ئەم سەرکردایەتیە بەڵێن دەدرێت کار بۆ بەدیھێنانی ئەو پێشکەوتنە بکات کە سلێمانی و ھەموو ناوچەکانی کوردستان شایەنی ئەوەن، بۆیە ھەوڵدەدات دەرفەتە ئابوورییەکان بەرز بکاتەوە، خزمەتگوزارییە گشتیەکان باشتر بکات و پشتگیری گەنجان و ژنان بکات بۆ ئەوەی بەشێک بن لەم گەشەپێدانە، ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژاردنێکە بۆ ئایندەیەکی باشتر، کە یەکڕیزی و ئاشتی و گەشەسەندن گوتاری زاڵە، دەنگدانتان ئەمڕۆ بۆ سبەینێکی باشترە بۆ ھەموومان بەتایبەتی بۆ شاری سلێمانی، بەیەکەوە کوردستانێکی بەھێزتر و ئاوەدانتر بنیات دەنێین.

دکتۆر کاوە قەرەداغی باس لەوەش دەکات: کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی گرووپ و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان لە سلێمانی لە ڕێگەی دەنگدانەوە پێویستی بە چەند ھەنگاوێک ھەیە:

یەکەم- زیادکردنی ھۆشیاری ھەڵبژاردن، بۆ ئەمەش پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کاربکەن بۆ پەروەردەکردنی ھاووڵاتیان لەسەر گرنگی دەنگدان و ھەڵبژاردنی کاندیدەکان کە بتوانن دۆخەکانیان باشتر بکەن.

دووەم- دەستەبەرکردنی ھەڵبژاردن زۆر گرنگە و پێویستە فشار بخرێتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە یەکپارچەیی ھەڵبژاردن و کەمکردنەوەی کاریگەری بەرتیل و گەندەڵی لەسەر ئەنجامی دەنگدان و بەشداریی جەماوەریی ئێمە گرنگە چونکە پاڵنانی ھاووڵاتیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، کە یەک دەنگ دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات و بەھێزی دەنگی پارتی لەم سنوورە ئەو دەرفەتە دەرەخسێنێ کە گەیاندنی دۆخەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکوومەتە خۆجێیە ناوخۆییەکان پێکەوە دەتوانن یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی گەندەڵی لەم سنوورە و بەرەوپێشبردنی حوکمڕانی باش، بۆیە دەنگدان بە لیستی ١٩٠ دەرفەتی زۆر باش بۆ سلێمانی دەرەخسێنێ و بەرەوپێش دەچێت.

دکتۆر کاوە ھەروەھا گوتی: کە زۆر گرنگە لە ڕێی دەنگدانەوە کار بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە کابینەکانی پێشوو تاکو ئەم ساتە کە شەریکە دەسەڵات بوون بەڵام زۆرینەیان بۆ خزمەتی ناوچەکە کاریان نەدەکرد بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ ئەندامانی پارتی کە لە کابینەکەدا بوون و خزمەتیان کردووە بۆیە خەڵکی سلێمانی پێویستە ئەو ڕاستییە بزانن کێ خزمەت دەکات و کێ بۆ ئیمتیازاتی شەخسی لە ناو کابینەکاندا بەشدار دەبێت و کەڵکی خراپ لە دەنگەکانیان وەردەگرێت و گوێی لەوە نییە خەڵک چی دەوێت تەنیا دەنگی ئەوانی بۆ خزمەتی خۆی دەوێت وەک کەس و گرووپ نەک خزمەتکردنی خەڵک.

پرۆفیسۆر دکتۆر کاوە قەرەداغی دەڵێت: زۆرینەی بەرپرسانی دەڤەری سلێمانی ھۆکاربوون، بەجۆرێ ئەم جیاوازییە لە پێناوی خراپکردنی وێنەی سەرۆکی حکوومەت و ئەوەندەی عەرقەلەیان بۆ کارەکانی حکوومەت دروست کردووە نیو ئەوەندە لە بیری خزمەتی ئەم شارە نەبوون کە ئیدیعای نوێنەرایەتی سلێمانییان کردووە، بەندە وەک ئاکادیمییەک سەیر دەکەم و دەبینم کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر و ژینگەیەکی سەلامەت لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا لە ھەولێر و دھۆک و بەراوردکردنی لەگەڵ دۆخی سلێمانی جیاوازی نێوان بەڕێوەبردنێکی باش و بەڕێوەبردنی خراپ دەردەخات و ئەم بەراوردکردنانەش دەتوانرێت بۆ بەرزکردنەوەی مشتومڕی ھاووڵاتیان پێکەوە لەسەر پێویستی گۆڕانکاری لە سلێمانی و بۆ ئەم مەبەستەش با جەماوەری دڵسوزی شارە شۆرشگێڕەکە شۆڕشێکی نوێ لە ڕێگای سندوقی دەنگدان بەکاربێنن بۆ چوار ساڵی داھاتوو، وە باشترین ڕێگاش بۆ ئەم شۆڕشە دیموکراتییە و گەیشتن بە ئاسوودەیی دەنگدانە بە لیستی ١٩٠ی پارتی.

 

سه‌لاح جه‌لال

هەواڵی پەیوەندیدار