٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و پارکێکی لە قەزای عەنکاوە دانا

سەرچاوە: KDP.info

عەنکاوە-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 14-10-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەزای عەنکاوە، بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی (بێث حدیاب) بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی عەنکاوە و دروستکردنی پارکی (گەنناثا دبابل)ی دانا.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، "سەربەزین لە وڵاتێکدا دەژین وڵاتی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەیە و مایەی شانازیمانە عەنکاوەش شاری بەیەکەوەژیان و ئاشتی و برایەتییە".

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، بڕیاری بە قەزابوونی عەنکاوەمان دا، ئێستا عەنکاوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندن و گەورە بووندایە و بووەتە نموونەیەکی هەرە دیاری بەیەکەوەژیان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکێکی زۆر لە کریستیانەکان بە هۆکاری جیاواز و بە ناچاری لە بەغدا و دەشتی نەینەوا و سووریا، ڕوویان لە عەنکاوە کردووە و ئێرە بووەتە شوێن و پەناگەیەک بۆ کریستیانەکان لەم دەڤەرە. ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی کریستیانەکان لە شوێنەکانی تر کەم دەبێتەوە بەڵام دەبینین لە عەنکاوە، ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵانە ، ژمارەی کریستیانەکان لە زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت چونکە هەست دەکەن ئێرە شوێنێکی ئارامە و ماڵی خۆیانە. لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی دەیانەوێ بە ئارەزوو و خواستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە".

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ دوو پڕۆژەی گرنگ لە عەنکاوە بەردی بناخەیان بۆ دادەنرێت کە یەکێکیان دروستکردنی 720 یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکی کریستیانی عەنکاوە، ئەوانەی کە کرێنشینن و هەژار و کەمدرامەتن. ئەم یەکانەش بە نرخێکی زۆر گونجا و و بە قیستی درێژخایەن پێیان دەدرێت".

پڕۆژەی دووەمیش دروستکردنی پارکێکە لە عەنکاوە کە دەبێتە یەکێک لە پارکە گەورەکانی عەنکاوە کە لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. کە لە چەندین بەشی گرنگ پێک دێت، وەک شوێنی یاری منداڵان، شوێنی وەرزشکردن، شوێنی پارکی ئۆتۆمبێل و نافورە و، ئەمە جیا لەوەی ڕووبەرێکی زۆر لە پارکەکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە و بە تەواوبوونی، دەبێتە شوێنێکی گرنگ و دیار بۆ پشوودان لە عەنکاوە .

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت موژدەیەکی بۆ دانیشتووانی عەنکاوە ڕاگەیاند ئەویش ئەو کێشە و گرفتانەی کە چەند ساڵێکە بە هۆکاری جیاواز بە هۆی ئەوەی زەوییەکانیان بەر سەربازگەی پێشووی ڕژێمی عێراق و فڕۆکەخانە کەوتوون و هەموو ئەوانەی زیانیان پێ کەوتووە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێکهێنرا، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار