٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت بەنداوی بەستۆڕەی کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەنداوی بەستۆڕەی لە هەولێر كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "لە نزیک شوێنی بەنداوی بەستۆڕە، لە سەردەمی سەنحاریبەوە بەنداوی لێ دروست کراوە و ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بردراوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا، بەنداوی بەستۆڕەی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە کە بە هاوکاریی گرووپی کۆمپانیاکانی کار دروست کراوە.

دوای کردنەوەی بەنداوەکە، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی پڕۆژەکە دەربڕی کە پێش ساڵێک بەردی بناغەکەی دانرا، هەروەها سوپاسی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کاری کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی خۆی کە لە ماوەی ساڵێکدا و لەلایەن ئەندازیاران و پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ جێبەجێ کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا کە دروستکردنی ئەم بەنداوانە، بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو، سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە ئەم جۆرە بەنداوانە، کاریگەریی هەمەلایەنەیان لەسەر پێشخستنی ئابووریی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبێت، چ لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە، یان دابینکردنی وزە و سامانی ماسی و باشترکردنی دۆخی ئاوی ژێر زەوی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

مەسروور بارزانی گوتیشی: "لە نزیک شوێنی بەنداوی بەستۆڕە، لە سەردەمی سەنحاریبەوە بەنداوی لێ دروست کراوە و ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بردراوە، بۆیە شوێنێکی گرنگی مێژووییشە و دەکرێ بۆ گەشتیاری سەردانی بکرێت."

سەرۆکی حکوومەت داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە هاوکاری حکوومەت بن لە پاراستنی ئەو پڕۆژانەی دروست دەکرێن و ژینگەش بپارێزن و دەستکاری نەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار