سیداد بارزانی له هه‌ڵه‌بجه: هیچ كه‌س وه‌ك پارتی و سه‌رۆك بارزانی له ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه تێناگات

هه‌ڵه‌بجه -KDP.info- سیداد بارزانی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له درێژه‌ی بانگەشه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و بۆ پشتیوانی له لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان، له شاری هه‌ڵه‌بجه، به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئاماژه‌ی به قوربانیدانی هه‌ڵەبجه، شاره‌زوور و هه‌ورامان و پێویستیی خزمه‌تكردنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره كرد و داوای پشتیوانی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بۆ لیستی 190 كرد.
سیداد بارزانی له كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریدا له هه‌ڵه‌بجه په‌یامێكی ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و شاره‌زوور كرد و گوتی: به ناوی جه‌نابی سه‌رۆك و هه‌ڤاڵانم له ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیمانه‌وه، سڵاوی رێز و وه‌فا ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری سنووری قوربانیدان و سیمبوڵی مه‌ڵومیه‌تی گه‌له‌كه‌مان .. هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور و هه‌ورامان ده‌كه‌م.
سیداد بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد: هه‌ڵه‌بجه بۆته ڕه‌مزی مافخوازی و سیمبوڵی قوربانیدانی گه‌لی كوردستان له سه‌ر ئاستی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان، بۆیه هه‌ڵه‌بجه پێناسه‌ی هه‌موومانه، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ڕۆڵێكی گرینگ و به‌رچاویان هه‌بووه له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا، هه‌ڵه‌بجه په‌نایه‌كی سه‌رسه‌ختی شۆڕشی ئه‌یلوول و پشتیوانێكی سه‌رسه‌ختی بارزانی نه‌مر بووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه كه دوژمن به چه‌كی قه‌ده‌غه كراوی نێوده‌وڵه‌تی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ری، ئێمه ئه‌وه هه‌رگیز له بیرناكه‌ین كه هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و شاره‌زوور پشتیوانێكی به‌هێزی شۆڕشی گوڵان بوون و ئه‌م ده‌ڤه‌ره بووه مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشانی شێره‌كۆڕانی پارتی و بارزانی به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: هه‌ڵه‌بجه به‌رده‌وام ناوه‌ندی خه‌بات و قوربانیدان بووه و كیماباران و ڕه‌شه‌كوژی و جه‌نایه‌تی داگیركه‌ر هه‌رگیز زه‌ڕه‌یه‌ك له سه‌ر ئیراده‌ی پۆڵاینی خه‌ڵكی ئه‌م شاره شه‌هیده كاریگه‌ریی نه‌بووه، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و شاره‌زوور له ڕۆژه سه‌خت و تاریكه‌كانیشدا هه‌رده‌م پشتیوان و وه‌فادار و یارمه‌تیده‌ری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و كوردایه‌تی بوون و پارتی و سه‌رۆك بارزانی هه‌رگیز ئه‌و باوه‌شه گه‌رمه و پشتیوانییه‌ی ئێوه له‌بیر ناكات كه دوای ڕاپه‌ڕین به تایبه‌تی ساڵانی 1994 و 1995 و 1996 بوونه پشتیوانێكی به‌هێز بۆ پارتی و پێشمه‌رگه‌كانی بۆ داكۆكیكردن له حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه شه‌رعییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
سیداد بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دڵنیام خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان زۆر باش ده‌زانن هیچ كه‌س وه‌ك سه‌رۆك بارزانی هه‌ست به خه‌م و ئازاره‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ناكات، هیچ كه‌س وه‌ك پارتی و سه‌رۆك بارزانی نرخ و به‌های و قوربانییه‌كانی ئه‌م شاره دوو جار شه‌هیده نازانێت، چونكه ئێمه له گه‌ڵ ئێوه و گه‌رمیان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان و بارزان قوربانی گه‌وره‌مان داوه له پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، بۆیه له ئێش و ئازاره‌كانتان ده‌گه‌ین و ده‌زانین ئێش و ئازاره‌كانی سته‌م و جینۆساید چه‌نده، هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌توانین به خزمه‌ت و ده‌سته‌به‌ر كردنی خزمه‌تگوزاریی و ئارامی له ئازاره‌كانی ئێوه كه‌مبكه‌ینه‌وه و كوردستان پێكه‌وه سه‌ربخه‌ین.
سیداد بارزانی ڕایشیگه‌یاند: ئێمه زۆر ده‌بیستین و ده‌بینین كه خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و شاره‌كه زۆر بێ خزمه‌ته و پاداشتی قوربانیدانه‌كانی نه‌دراوه‌ته‌وه، ڕاسته خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه ئه‌ركی هه‌مووانه، به‌ڵام خزمه‌تكردن به‌و كه‌س و لایه‌نه ده‌كرێت كه خزمه‌تكردن به ئه‌رك و شانازی بزانێت و ئه‌و لایه‌نه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا پارتییه، چونكه ئێمه له ڕێبازی پیرۆزی بارزانیدا په‌روه‌رده كراوین و گۆشكراوی ئه‌و وته‌یه‌ی بارزانی نه‌مرین كه ده‌فه‌رموێ "شانازییه بۆ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت" بۆیه پشتیوان به ئێوه و خه‌ڵكی كوردستان له 20/10 ده‌بینه خزمه‌تكاری ئێوه و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان.
سیداد بارزانی له درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: هه‌مووتان ئه‌و ڕاستییه باش ده‌زانن كێ بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ساڕێژكردنی برین و ئازاره‌كانی ئێوه و ڕێگره له‌به‌رده‌م خزمه‌تكردنی ئێوه، هه‌مووتان ئاگادارن به پشتیوانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له سه‌رده‌می كابینه‌ی كاك نێچیرڤان بارزانیدا بڕیاری به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه ده‌ركرا، هه‌مووشتان ئاگادارن به فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆك و ڕاسپارده‌ی جه‌نابیان كاك دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ڕاسپێردراوه به جیدی كار بكات له په‌رله‌مانی عێراق بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م بڕیاره به زوویی.
سیداد بارزانی به ئاماژه‌دان به خزمه‌ته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له هه‌ڵه‌بجه باسی ئه‌وه‌ی كرد: سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌ست و ڕێگرییه‌كان، به‌ڵام كابینه‌ی شه‌شه‌م و خودی كاك مه‌سروور بۆخۆی سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و چه‌نده‌ها پڕۆژه‌ی خسته بواری جێبه‌جێ كردن، هیوادارم له 20ی 10 هه‌ڵه‌بجه ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه و ده‌نگ به لیستی 190 بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكراوه‌تر بتوانین خزمه‌تی ئه‌م شاره و ده‌وروبه‌ری بكه‌ین.
ناوبراو گوتی: لیستی 190 لیستی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌یه، ئێمه دژی كه‌س نین و كه‌سیش ناڕوخێنین، به‌ڵكو ئێمه باوه‌ڕمان به ئاوه‌دانی و ئارامییه و به كرده‌وه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنین، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره گرینگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پارتییه‌كی به‌هێز به واتای كوردستانێكی به‌هێزه و مێژوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، هه‌ركات پارتی به‌هێز بێت كوردستان به‌هێزه، ئه‌زموونیش سه‌لماندوویه‌تی كه هه‌میشه تیری دوژمنان ڕووی له سه‌رۆك بارزانی و پارتی بووه، چونكه دوژمنان پێیان وابووه هه‌ركاتێك زیان به‌ر پارتی و بارزانی بكه‌وێ زیان به‌ر كوردستان ده‌كه‌وێ، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه بۆ هه‌موومان دووپاته ده‌كاته‌وه كه پێویسته ده‌نگ به‌و لایه‌نه بده‌ین كه سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌ت و خاك و خه‌ڵكی كوردستان ده‌پارێزێ، نه‌ك ئه‌وانه‌ی بێباكانه خاكی نیشتمان ده‌فرۆشن و هیچ خزمه‌تێكیان به‌م خه‌ڵك و خاكه نه‌كردووه، جگه له زیان هیچ سودێكی تریان نه‌بووه و نییه، ڕۆژێك فرمێسك و خه‌باتیان بۆ ئه‌م وڵاته نه‌بووه، بۆیه داوا ده‌كه‌ین له 20ی ئۆكتۆبه‌ر به هه‌مان حه‌ماسی شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك كه له پردێ و دواتر سحێلا و تلسقۆف و مه‌خموور داستانی به‌رگری له كوردستانیان تۆمار كرد، ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان حه‌ماسه‌ی سه‌ركه‌وتنی دیموكراتیانه‌ی لیستی 190 تۆمار بكه‌ن.
سه‌لاح جه‌لال




