نێچیرڤان بارزانی: پارتی ئامانجێتی کوردستان بگەیەنێتە قۆناغێکی گەشتر و سەرکەوتوو تر

دھۆک-KDP.info- بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، گەورەترین ئاهەنگی پشتیوانی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو.
دوای ناساندنی کاندیدەکانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی دهۆک لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا سڵاوی سەرۆک بارزانی گەیاندە خەڵکی بادینان، ڕۆژی 20ـی مانگ رۆژی دەنگدانە، ئەمڕۆ لەگەڵ برای خۆم مەسرور بارزانی و سەرکردایەتی پارتی هەموو پێکەوە لەگەڵ خەڵکی خۆڕاگری بادینانین، بۆ دووپات کردنەوەی سۆز و پەیمانی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی و شەهیدان و ئازدی نوێ دەکەینەوە و سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ بادینان تۆمار دەکەین.
راشیگەیاند: ئەو هەڵبژاردنە بۆ کوردستان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی شەرعەتی بەڕیوەبردن نوێ بکەینەوە، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە، سەرکەوتنی پارتی مسۆگەر کردنی مافەکانی کوردستان و پێکهاتنەکانە، مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی گەشترە، لە ناوچەیەکی بارودۆخێکی ئاڵۆزداین، ئێمە پێویستمان بە سەرکردایەتی بە هێز هەیە کە پارتییە، ئەو پارتیە کە مافی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان زامن دەکات بۆ پاشەرۆژێکی گەشتر.
دەشڵێت: ئەو هەڵبژاردنە بۆ بادینان گرنگە، دەڵێن: بەو سیستەمە نوێیەی دەنگدان، ڕۆڵ و کاریگەریی بادینان دیار دەکەن، بۆیە پێویستە نەهێڵن خەونی ناحەزان بێتە دی، دەبینین دڵگەرمی و دڵسۆزی و پەرۆشی ئێوە، هاوارێکی گەورەی ئێوەیە بادینان ناوەندێكی سەرەکی هێز و شیان و باوەڕی پارتیە.
گوتی: ئەمجارەش دەنگی ئێوە بۆ پارتی و لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پارتی و بادینان و ڕێبازی بارزانی خوێن و گۆشتی جەستەیەکین، بناغەی کوردایەتین، پەیوەندی پارتی و بادینان، بەشێکی گرنگ و سەرەکی ناسنامەی کلتووری بادینانە، هیچ ماڵباتێک لە بادینان نییە چیرۆکێکی دڵسۆزی و وەفا و خەبات و تێکۆشانی لەگەڵ ڕێبازی بارزانی و پارتی نەبێت، لەهەر دەرگایەک بدەی لە بادینان، باسی خەبات و تێکۆشانی خۆی دەکات لەگەڵ پارتی بۆ سەربەرزیی و سەرفرازی گەلی کوردستان.
لە مێژووی سەرەتای دروستبوونی پارتی، خەڵکی بادینان و جوگرافی بادینان، پێکهاتە و بەشێکی سەرەکی پارتی بوونە، پەیوەندی نێوان پارتی و بادینان، بە گیان و خوێنی شەهیدان و بیر و باوەڕ دروست بووە.
راشیگەیاند: سەردەمی شۆڕش هەنگاو بە هەنگاو، هیچ شوێنێکی بادینان نەبووە کە بە داستان و چیرۆکی سەرکەوتنی پارتی و پێشمەرگە و شەهیدی پارتی بەیەکەوە نەبەسترابێتەوە، پەیوەندی پارتی و بادینان چیرۆکی عەشقێکە بە هیچ شێوەیەک لێک جوودا نابنەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بە پشتیوانی بەردەوامی بەهێزی بادینان بۆ پارتی، هەموو کاتێک پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا خاوەن هزر و بڕیار بووە، هەر کاتێک پارتی سەرکەوتوو بووە، کوردستان سەرکەوتوو بووە، کاتێک ئێوە لە پشت پارتینە، ئەنفال و کیمیاباران و تۆپ بارانکردن و داعش، فشاری نەیاران پارتیان نەشکاندووە، پارتی سەربڵندە سەربڵندە بە پشتیوانی ئێوە و بەردەوام دەبێت لە سەرکەوتن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بە پشتیوانی ئیوە قۆناغێکی سەختمان تێپەڕ کرد، بە پشتیوانی ئێوە پارتی هەر دەمێنێت و هەر سەردەکەوێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی کوردستان و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان، دەبین ساڵ و دوای ساڵ سەرباریی ئالەنگارییەکان دێنە بەردەم پارتی، پارتی خزمەتی زیاتر پێشکەش دەکات، هەموو ئەوانەش لە خواستی ئێمە نییە، پارتی ململانێ هیچ حزبێک ناکات، پارتی ئامانجییەتی کوردستان لەو قۆناغە بۆ قۆناغێکی گەشتر و باشتر ببات.
خزمەتکردن ئەرکی پارتییە و پارتی منەتی خزمەتکردن لە کەس ناکات، بەسەرکردایەتی و سەرکێشی پارتی لە ئیدارە و حکوومڕانی کاروانێکی دوررودرێژی ئاوەدانی بووە، وەختێک ئاواکاری هەبێت، ئاستەنگ و کێشە و کەم و کوڕی دروست بێت، ئەوەی هیچ نەکات تەنها بۆڵە بۆڵ بکات و گازاندە بکات، پارتی بەرپرسیارەتی هەڵدەگرێت، پارتی بێ جەماوەری پارتی نەیتوانییوە هیچ بکات، پارتی پشت ئەستوورە بە پشتیوانی جەماوەرەکەی.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بۆ قۆناغی داهاتووش دیسان بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبین و سەردەکەوین و باشتر خزمەت بکەین و باشتر وڵاتەکەمان ئاوەدان بکەینەوە، هاوکات کێشەکان چارە بکەین بۆ ئەوەی ژیانی هەمووان باشتر بکەین.
گوتی: ڕۆژی 20ـی پەیمانی ئێمە بۆ خوێنی شەهیدان دەچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ دەدەینە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی خۆڕاگری و ئاوەدانی و پێکەوەیی و ئارامی.




