لەم کابینەیە بایی ١٧ملیار دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراوە

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئاسانکاری حکوومەت، بەسەرمایەی ١٧ملیار دۆلار مۆڵەت بە ٤٣٦ پڕۆژە دراوە، توانراوە تەنیا لە ڕێگەی کارگە دامەزراوەکان ١٤٠ھەزار ھەلی کار بۆ خەڵک دابین بکەین.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵ دراوە سەرچاوەکانی داھات فرەچەشن بکرێت و لەژێر ڕێنمایی و کارنامەی حکوومەتی ھەرێم و بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت کار بۆ بەھێزکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەھێزتر بکرێت، ئێمە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، لە ماوەی ڕابردوو ئاسانکاری تەواومان بۆ پڕۆژەی وەبەرھێنان کردووە تا بتوانین مۆڵەت بە پڕۆژەی زۆر بدەین، بۆیە تا ئێستا لە هەموو سێکتەرەکان، ٤٣٦ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٧ملیار دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە، ساڵانەش ڕێژەکە لە زیادبوون دایە.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان لە ھەموو سێکتەرەکانن، سێ سێکتەر گرینگی تایبەتی پێ داراوە، ئەوانیش (گەشتوگوزار، پیشەسازی و کشتوکاڵ)، بۆیە زۆرترین مۆڵەت بەو سێ سێکتەرە دراوە، لەم کابینەیە زۆر کارگەی گەورەی وەکو کارگەی ستیل، پاکێجینک، ئاسن، شیرەمەنی، ساردکەرەوە، گەرمکەرەوە و موبایل کە زیاتر لە ٥٠ کارگەی گەورە دەبن، توانراوە لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە ١٤٠ھەزار هەلی کار بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڕەخسێنین، هەلی کاری ناڕاستەوخۆش یەکجار زۆرە، کار دەکەین لە داھاتوو ژمارەکان زۆر زیاتر بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




