کاندیدانی پارتی له سلێمانی بۆ KDP: له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سلێمانی خۆسه‌پێنی و قۆرخكاری ناهێڵین

سلێمانی-KDP.info- كاندیدانی پارتی له سنووری سلێمانی، به تێكڕا باسی پێویستیی كۆتاییهاتن به خۆسه‌پێنی و تاکگرووپی ده‌كه‌ن و پێیان وایه، كاتی هاتووه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سلێمانی پێكه‌وه قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێبكه‌ن.
سۆزان شه‌هید عه‌ریف كه‌ریم، كاندیدی ژماره 27ی لیستی 190 له په‌یامێكدا ڕوو لە جه‌ماوه‌ری بازنه‌ی سلێمانی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند: پارتی و سلێمانی دووانەیەکی لێک جیانەکراوەن و هه‌وێنی شۆڕشی ئه‌یلوول جه‌ماوه‌ری سلێمانی بوو به سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر، ئەمڕۆ شوێنكه‌وتووانی ئه‌و ڕێبازه پیرۆزه خۆیان و نه‌وه‌كانیان له‌و شاره، ئێستاش به بیر و باوه‌ڕێكی قووڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له سه‌نگه‌ری هه‌ره پێشه‌وه‌ن بۆ جه‌نگی ئیرهابی فیكری و وه‌ك چیا له به‌رامبه‌ریدا وه‌ستاونه‌وه.
خەڵکی سلێمانی گومانیان نییە پارتی لە ھەر شوێنێک بواری بۆ بڕەخسێت، ئاوەدانی دەکاتەوە، شارستانیه‌ت و شارسازی و ئاوه‌دانیی گوند و به‌هێزکردن و زیاترکردنی به‌روبومی كشتوكاڵی له به‌رنامه‌ی پارتیدایه و كابینه‌ی نۆیه‌م نموونه‌یه‌كی زۆر به‌هێزی ئه‌و گرینگیپێدانه‌یه.
دەشڵێ: خه‌ڵكی سلێمانی، خه‌ڵكێكی زیندوو و كراوه‌ن، ئه‌و هه‌موو ته‌وژمه‌ی ئیرهابی فیكری كه به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌وه‌یه، هه‌ر شوێنێكی تر بوایه خۆی به‌ده‌سته‌وه دابوو، به‌ڵام سلێمانییه‌كان دواجار به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانیان لا گرینگە، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات هیوادار بین ته‌پوتۆزی ئیرهابی فیكری ڕاماڵن و ده‌نگ به‌و حزبه بده‌نه‌وه كه شار و گوند و قه‌زاكانی له شۆڕشی ئه‌یلوول پێشه‌نگی پارتایه‌تی بوون، ئومێدمان وایه لیستی 190 ببێته زۆرینه‌ی سلێمانی و وه‌رچه‌رخانێكی ئه‌مڕۆیی بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی به‌دی بێت.
زیاد كاكه ڕه‌زا، كاندیدی ژماره 31ی لیستی 190ی پارتی، له په‌یامێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند: ئه‌وه جێگای داخه، لایه‌نێكی به‌ناو هاوپه‌یمان، له ساڵی 2014 پێشنیازی به به‌غدا كرد مووچه و قوتی خه‌ڵكی كوردستان ببڕن، به‌و هۆیه‌وه دۆخێكی ناهه‌مواری ئابووری بۆ خه‌ڵكی كوردستان هاته پێش و شه‌ڕی داعشی به‌سه‌ردا هات، ئه‌و پێشنیازه نادۆستانه‌یه ده‌رحه‌ق به گه‌لی كوردستان و هاندانی به‌غدا بۆ ئه‌و نانبڕاوكردنه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان بوه‌ستن، به‌ڵام پارتی له سنووره‌كانی ده‌ڤه‌ری هەژموونی خۆی ڕێگه‌ی به حكوومه‌ت دا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌دا پڕۆژه‌سازی و وڵاتسازی به‌رێته پێش، به‌ڵام ئه‌مه له سنووری سلێمانی نه‌كرا، چونكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاریی حكوومه‌ت نه‌كرا، ئه‌مانه له كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ ئیمتیاز هاوبه‌ش بوون، به‌ڵام دژایه‌تیی پڕۆژه‌كانی حكوومه‌تیان كرد، له‌وه‌شدا گه‌وره‌ترین زیانیان له سلێمانی دا، هه‌ولێر و دهۆك به‌ره‌و پێش چوون و سلێمانیش به هۆی هەژموونی حزبی و هه‌رقه‌له دروستكردنه‌كانی ئه‌وانه‌وه دیسان خه‌ڵكه‌كه‌ی زیانمه‌ند بوون، ئه‌م ئه‌زموونه پێمان ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك بگاته سلێمانیش، پێویسته جه‌ماوه‌ری سلێمانی به ده‌نگدانیان به لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە ڕاست بکەنەوە.
حه‌مه بێسه‌ری، كاندیدی ژماره 58ی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتییه‌وه بۆ خه‌ڵكی سلێمانی گوتی: جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی خه‌ڵكی سلێمانی، خه‌ڵكه خۆڕاگره‌كه‌ی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، ئێمه وه‌كو كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان پێ ده‌ده‌ین ئاشتی و ئارامی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ سلێمانی به هاوكاریكردنی حكوومه‌ت و سه‌رپێخستنه‌وه‌ی داموده‌زگا حكوومییه‌كانی سلێمانی، با پێكه‌وه بڵێین، به‌سیه‌تی قاچاخچیه‌تی و تاڵان و بردن و ونكردن له سلێمانی، دڵنیا بن ده‌نگدانتان به ئێمه به‌فیرۆ ناچێ و ده‌بینه چاوی چاودێریی ورد به‌سه‌ر ئه‌م سنووره‌وه و چیدیكه ڕێگه به‌م پاشاگه‌ردانییه ناده‌ین کە گرووپێك خوڵقاندوویه‌تی و بووەته سه‌رئێشه بۆ هاووڵاتیانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره و ناهێڵێت ده‌نگ و ویست و داخوازییه‌كانی ئێوه بگاته شوێنی خۆی، ئێمه حزبی كرده‌وه و خزمه‌تین و به‌دوورین له دروستكردنی ژاوه‌ژاو و بێ ئه‌نجامی و دروشمی بێ كردار، پڕۆژه‌گەلی ناوچه‌كانی ژێر هەژموونی پارتی دیارن و ڕه‌قه‌م قسه ده‌كا، ئێره‌ش ده‌بینن چ فه‌وزایه‌كه و چه‌ند داخراوه به هۆی ئه‌وانه‌وه کە قه‌ت له تاقیكردنه‌وه‌كانی خزمه‌ت به خه‌ڵك ده‌رنه‌چوون و ده‌ریش ناچن، ئه‌زموون ئەمەی سه‌لماندووە.
محەمەد عومه‌ر كاكه، كاندیدی ژماره 56ی لیستی 190ی پارتی، له په‌یامێكدا ڕوو به خه‌ڵكی سلێمانی ڕایگه‌یاند: مێژووی پارتی دیاره، پڕه له ده‌ستكه‌وت، قوربانیدان و مێژووی پڕ سه‌روه‌ری و شانازییە، ئێمه به سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌وه ده‌چینه ناو خه‌ڵك، پارتی ته‌مه‌نی 78 ساڵه، به‌ڵام به كردار و جووڵه گه‌نج و به‌هێزه، سلێمانی و پارتی ئه‌وه 80 ساڵه پێكه‌وه‌ن، هه‌تا سلێمانی بمێنێ، پارتیش ده‌مێنێ، سلێمانی ئه‌و شاره‌یه كه داگیركه‌ر خه‌ڵكی به‌دیل كردووه و مه‌رجی بۆ داناون، كه قسه‌ی ناشیرین به بارزانی بڵێن، مه‌رجی ئازادبوونیانه، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون ئه‌وه بكه‌ن، بۆیه ئێمه مێژوومان هه‌یه له‌م شاره‌دا.
دەشڵێ: سلێمانییه‌كان بێزار بوون له پڕۆژه شكستخواردووه سیاسییه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی خۆیان به‌م شاره‌وه هه‌ڵواسیوه، به‌ڵام بوونه مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ ئه‌م شاره، سلێمانی خزمه‌تی ده‌وێ نه‌ك بردنی داهات و سامانه‌كه‌ی، ئه‌وانه بوونه مایه‌ی ئیحراجی بۆ پارتیش كاتێك له‌گه‌ڵمان دێنه ناو حكوومه‌ت، به‌ڵام بچووكترین به‌رپرسیاره‌تی هه‌ڵناگرن و وا ده‌كه‌ن كه‌سانێك پێیان وابێ خه‌تای پارتییه، باوه‌ڕ بكه‌ن ئێمه تووشی ئیحراجی بووین و بێتاقه‌تی دۆخی خه‌ڵكی خۆمانین له‌م شاره به هۆی سیاسه‌تی نادروستی ئه‌وانه‌وه، كه خۆیان سه‌پاندووه و نامۆن به مێژووی پڕسه‌روه‌ریی سلێمانی.
به ده‌یان پڕۆژه له حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ سلێمانی دەرچوون به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی تاکگرووپی ڕێگه‌ی نه‌داوه جێبه‌جێ بكرێن، گه‌نجانی ئێمه‌یان وا لێ كرد سه‌رهه‌ڵگرن، بۆیە ده‌نگدان به پارتی، ده‌نگدانه به گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا و خزمه‌تکردن بە سلێمانی و نه‌هێشتنی قۆرخكارییه.
سه‌لاح جه‌لال




