ھیوا ئەحمەد مستەفا بۆ KDP: گەرمیانیهكان بێزارن و ئەمجارە ڕوو لە پارتی دەکەن

گەرمیان-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە سەرەتای بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە لە سنووری چەمچەماڵ و گەرمیان و بێوچان بە چڕی چووینەتە ناو جەماوەری ئەو سنوورەوە، هاوکات پێشی وایە، خەڵک ئومێدێکی بۆ گەڕاوەتەوە بە ھاتنی ئێمە، چونکە خەڵکی بێزار و بێھیوا بووە و ئەم جارە ڕوو لە پارتی دەکەن لەم سنوورە و دەزانن پارتی حزبی پڕۆژە و چاکسازی و دەوڵەتداری و ئەمین و خاکپارێزییە، بۆیە چاومان لە سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتییە.
ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە ئەم جارە لە سنووری کەرکووک و لە گەرمیان و چەمچەماڵ بە تایبەتی بە شێوەیەکی ورد و بەرنامەڕێژی دەستمان به بانگهشه كردووه و خۆم بە وردی لەگەڵ پڕۆسەکەم بۆ چوونە ناو جەماوەر، جگە لە کادر و ئەندامانی خۆمان کە بە چڕی ھاوکارمانن، ھەروەھا خەڵکی ئاسایی زۆر بە باشی پێشوازیمان لێ دەکەن و ھاوکارن کە پێشتر وێنەی کەم بووە، ئەمەش ھیوادارمان دەکات بەوەی دڵنیاین دەنگمان زۆر باش دەبێ و خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵ ھیوایان لەسەر پارتی ھەڵچنیوە.
ھیوا ئەحمەد ھەروەھا پەیامی بۆ سەرجەم خەڵکی دەڤەرەکە ھەبوو و گوتی: ڕووی پەیامم لە خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵە بە گشتی، لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی بدەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم دۆخە ناھەموارەی لەم سنوورە ھەیە چاکی بکەین و ڕاستی بکەینەوە و دەست بخەینە دەستی یەک و قۆناغێکی نوێ دەست پێبکەین، چونکە دەنگی ئەوان بە پارتی، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی دەستی نایاسایی لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی داھات و دامودەزگا حکوومییەکان و جومگەکانی ژیان و دۆخەکە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لە بواری سەرمایەگوزاریی و خزمەت و ئارامی و گوزەرانەوە دەگرێتە بەر، ئێمە زۆر پەرۆشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەم سنوورەین، بە تایبەتی گەنجەکان بۆ ئەوەی دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێ لە کەرتی گشتی و تایبەت و پێکەوە ڕزگارمان ببێت لە شێوازی بەڕێوەبردنی گرووپی نادروست و ھەڵە، کە بووەتە مۆتەکەی ژیانی ئەم خەڵکە بەڕێزە و ھەست دەکەین خەڵک ئومێدێکی بۆ گەڕاوەتەوە بە ھاتنی ئێمە بەو شێوازە نوێ و چڕ و بەھێزەوە، چونکە خەڵکی بێزار و بێهیوا ئەم جارە ڕوو لە پارتی دەکەن لەم سنوورە، چونکە دەزانن پارتی حزبی پڕۆژە و چاکسازی و دەوڵەتداری و ئەمین و خاکپارێزییە، بۆیە چاومان لە سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتییە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی جەخت لەوەش دەکاتەوە: ئێمە نەک ئێستا کە پڕۆسەی ھەڵبژاردن و بانگەشە ھەیە، بەڵکو بۆ دوای ھەڵبژاردنیش ئێمە وەک مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەنیازین ئۆفیسێکی تایبەت لەم سنوورە بکەینەوە و سەردانی خەڵک بکەین و داواکاری و پێویستی و داخوازیی ئەم خەڵکە وەرگرین و نوێنەرەکانیشمان ببنە چاودێرێکی ورد بەسەر سیستەمی ئیداریی سنوورەکە و وەک حزبیش بە وردیی چاودێری دەکەین و سکاڵاکانی خەڵک دەگەیەنین و گوێ لە گوتە و پێویستییەکانیان دەگرین و ئەوەی لە توانادا ھەبێ بە پێی ئیمکان لە خزمەتی خەڵکی سنوورەکەدا دەبین، ئەم جارە ئێمە تەنیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن نەھاتووین، بەڵکو ھاتووین بە چڕی و بە قووڵی و مەودادار و خاوەنی ستراتیژییەوە بمێنینەوە و لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان پێکەوە دەست لە دەستی یەک ڕۆژگارێکی نوێ و دۆخێکی نوێ و پڕۆسەیەکی نوێ بگرینە بەر، چونکە گەرمیان و چەمچەماڵ قووڵایی ستراتیژی ئێمەیە و بە ماڵی خۆمانی دەزانین.
سەلاح جەلال




