سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

هەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی١٠/١١، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان سێپ مۆڵتن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆنگرێسمان مۆڵتن، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرێمی کوردستان دۆست و ھاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و ھاوکاریی ئەمەریکای کرد و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
گرنگیی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




