مەنسوور بارزانی: زاخۆییەکان ڕێبازی پارتی و بارزانی ھەڵدەبژێرن

زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ بەھاوکاری سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی فەرماندە مەنسوور بارزانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاھەنگی ھاوسەرگیری بەکۆمەڵ بۆ ١١٠ بووک و زاوا ڕێکخرا، فەرماندە مەنسوور بارزانی لەو بۆنەیەدا گوتی، زاخۆ ھەمیشە بڕبڕەی پشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لە ٢٠-١٠ بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پێکەوە دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.
فەرماندە مەنسوور بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە ئاھەنگی ھاوسەرگیری بەکۆمەڵ لە زاخۆ ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سەربەرزم لە زاخۆی دەلالم، زاخۆ ھەمیشە بڕبڕەی پشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە، بۆیە ڕۆژی ٢٠-١٠ پێکەوە دەچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی دەدەین.
فەرماندە مەنسوور بارزانی گوتیشی: ھەندێک لایەنی دیکە ھەن کاتێک خەڵک گیانی خۆی دەکاتە قوربانی خاکی کوردستان و پێشمەرگە دەبنە شەھید و ئەوانەی بەناوی خوا قسەمان لەگەڵ دەکەن و پێشمەرگە بەشەھید ھەژمار ناکەن و ئێستاش دێن داوا لە کەسوکاری ئەو شەھیدانە دەکەن دەنگیان پێبدەن، بۆیە پێیان دەڵێین دەنگ بەئێوە نادەین و دەنگ بە ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی دەدەین و بەلیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین و پێیان دەڵێین موسڵمانی ئەسڵی ئێمەین و سەرۆکی ئێمەیە و نیشتیمانپەروەرە و خودا پەرستو عادیلە، نەک وەکو ئێوە دین بۆ دونیا و دوو کورسی پەرلەمان بەکار دێنێت.
هاوکات گوتیشی: زاخۆی دەلال بڕبڕەی پشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و ھەربەو شێوەیە دەمێنێت و ئەگەر تەماشای زاخۆ بکەین پێش ئەوەی ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ خزمەتگوزاری کەم بوو ئێستا سوپاسی کابینەی نۆیەم دەکەین لەماوەیەکی کەمدا خزمەتێکی زۆری زاخۆ کراوە و بەپشتیوانی ئێوە ئاوەدانی زیاتر دەکرێت، بەڵام پێویستە ھەمووان پێکەوە لیستی پارتی بەھێز بکەین و دەنگ بەلیستی ١٩٠ بدەین بۆ ئەوەی ئاوەدانی و سەروەری خاکی کوردستان بەردەوام و پارێزراو بێت و کەس نەتوانێت سەروەری خاکی کوردستان ببەزێنێت.
بڵند ئیبراھیم




