مەسروور بارزانی و کونسوڵی نوێی میسر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠-١٠-٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆزو مەحموود فاروق یوسف، کونسوڵی نوێی میسر لە ھەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، ھەموو پشتیوانییەکی بۆ کونسوڵی میسر دووپات کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
کونسوڵی میسر خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستن و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیشان دا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرھێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەندروستی و خوێندن و گەشتوگوزاردا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و جەخت لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دوور لە پێشێلکاری و تەزویر و ساختەکاری کرایەوە.




