بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێم پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو دەکرێت

ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ گوتی: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و بڕیارە لە ماوەی یەک ساڵ تەواو بکرێت و کێشەی ئاوی ئاکرێ و دەوروبەری چارە بێت.
ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆری بە پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ داوە، بۆ ئەوەی تەواوبکرێت، ئەو پڕۆژەیە لە سێ وێستگە پێک دێت، (aوbوc) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی بۆ ئاکرێ، بەڵێنی دا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان پێکهێنا، ئێستا پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ لە بواری جێبەجێکردن دایە.
ئەندازیار زرار ئەحمەد گوتیشی: قۆناغی یەکەم لەسەر ئاوی زێی گەورە، قۆناغی دووەم دانانی وێستگەی سەرەکییە لە نزیک سوناوە و ئێستاش قۆناغی سێیەم دەستی پێ کردووە کە دانانی ھێڵی سەرەکییە بۆ کۆگای سەرەکی، پڕۆژەکە زۆر بەخێرایی جێزەجێ دەکرێت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکات بۆ ئەوەی تەواوبکرێت، ئەگەر کێشە دروست نەبێت لە ماوەی ساڵێک پڕۆژەکە تەواو دەبێت و ئاکرێ و دەوروبەری لە کێشەی کەمئاوی ڕزگاری دەبن.
بە فەرمانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ لە بواری جێبەجێکردن دایە و زیاتر لە ١٠٠ملیار دیناریش تێچووی پڕۆژەکەیە.
بڵند ئیبراھیم




