کاندیدانی ھەولێر بۆ KDP: چارەکردنی کێشەکان تەنیا لە کارنامەی لیستی ١٩٠ی پارتی دایە

ھەولێر-KDP.info- کاندیدانی پارتی لە بازنەی ھەولێر داوا لە دەنگدەران دەکەن، دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی بدەن و دەشڵێن: چارەی ھەموو کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی لیستی ١٩٠ی پارتی دایە.
حاجی دیدار شێروانی، کاندیدی ژمارە ٢١ی لیستی ١٩٠ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێش ھەموو شتێک داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی بدەن، چونکە لیستی ئارامی و ئاوەدانیی کوردستانە، ھەموو کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتییان لە چوارچێوەی لیستی پارتی چارە دەبن.
سەردار عادل دۆڵەمەری، کاندیدی ژمارە ٢٨ی لیستی پارتی لە بازنەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بیمەی پێشمەرگە کاری سەرەکیم دەبێت لە خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی تێچووی چارەسەر و خوێندنی منداڵی پێشمەرگە لەسەر حکوومەت بێت، دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی و کاندیدی ژمارە ٢٨ بدەن.
عوسمان قادر، کاندیدی ژمارە ٤٦ی لیستی ١٩٠ی پارتی لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شانازی بەوە دەکەم وەک کەسوکاری شەھید کاندیدی لیستی ١٩٠ی پارتیم، داوا لە دەنگدەران دەکەم ڕۆژی ھەڵبژاردن لیستی سەرۆک بارزانیتان لەبیر بێت، بەندەش ئەگەر متمانەی ئێوە بەدەست بێنم، بەڵێن دەدەم بەردەوام بم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان.
دۆریا ئەنوەر سدیق، کاندیدی ژمارە ٦٠ی لیستی ١٩٠ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ڕابردوو خزمەتی خەڵکی ھەژار و پیشەوەرانم کردووە، ئەگەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنم ئەوە گومانی تێدا نییە زیاتر خزمەتیان دەکەم، پێش ھەموو شتێکیش کار بۆ کوردستانێکی بەھێز دەکەین، سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتیش زامنی پاراستنی کوردستانێکی بەھێزە.
قائید میرۆ




