مەنسوور بارزانی وەڵامی دروشمی هەندێک لایەن دەداتەوە

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک بەئامادەبوونی فەرماندە مەنسوور بارزانی و بە ھاوکاری سەرۆک بارزانی ئاھەنگی ھاوسەرگیری بۆ ٢٠٠ بووک و زاوا ڕێکخرا، لەو ئاھەنگە فەرماندە مەنسوور بارزانی گوتی، پێویستە لە ٢٠-١٠ ھەمووان پێکەوە بچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.
فەرماندە مەنسوور بارزانی لە ئاھەنگی ٢٠٠ بووک و زاوای بەکۆمەڵ لە دھۆک گوتی: بەناوی سەرۆک بارزانی پیرۆزبایەکی گەرم لە ھەموو خوشک و و برایانی بووک و زاوا دەکەم ھیوادارم بەختەوەر و سەرفرازبن، ئەو پڕۆسەیە بۆ جارێک نیە و ساڵانە بەردەوام دەبێت، ھاوکات لەسنووری چوار لق ئەو پڕۆسەیە ئەنجامدرا، ئەوانیش لقی نۆ، ١٨و ٢٠ و ئەمڕۆش لقی یەک.
مەنسوور بارزانی ڕاشیگەیاند: لێرەوە دەمەوێت وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە ھەندێک دروشمیان بۆخۆیان بەرزکردۆتەوە، وەڵامەکەش ھی سەرۆک بارزانیە کە پێیان دەڵێم، پارتی دار بەڕووە نە بەسووتان و نە بە بڕین تەواو نابێت، ئێمە بە ھەموو خەڵکی دەڵێین ئەم دار بەڕووە بەخوێنی ھەزاران شەھید ئاودراوە و ئەم ڕێبازە و پارتی بە فرمێسکی ھەزاران دایکە شەھید ئاودراوە، بۆیە بەھەوڵی خەڵکی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەھێزتر دەبێت زیاتر بەرەو پێش دەچێت.
ناوبراو لە درێژەی وەڵامی بۆ لایەنەکان وتی: لایەنێک دروشمێکی بەرزکردۆتەوە کە دەڵێت کۆتایی پێدێنن، بەڵام برا گەورە وەڵامی بەیەک وشە داوەتەوە کە ناتوانن، بۆیە لێرەوە پێیان دەڵێین زۆری لەئێوە گەورەتر ئەو خەونەیان بردە ژێر گڵ و نەیانتوانی کۆتایی پێبێنن، ئەگەر کۆتایی بەخیانەت و خاک فرۆشتن و ١٦ی ئۆکتۆبەر دێنن ئەو دروشمە جوانە، ئەگەر مەبەستیان کۆتایی ھێنانە بە کردەوەی تیرۆر و ئاگربەردان لە بازاڕی ھەژاران لە ھەولێر و دھۆک و کەرکووک دروشمێکی جوانە، بۆیە پێتان دەڵێین ئەم ڕێبازە ڕووبارێک خوێنی داوە و خەباتی زۆری کردووە و ئەنفال و کیمیاباران کراوین، میللەتی کوردستان خاوەنی ئەم ڕێبازەیە، بەپشتیوانی خوا و ئێوە ئەوەی لەدڵی ئەوانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە ناو گۆڕ، ھاوکات ھەندێک لایەن باس لەوە دەکەن لە درووشمەکانیان ئیتر بەسە، ئایە ئاوەدانی کوردستان و ئەمن و ئاسایش و پێکەوەژیان بەسە، بەڵێ بەسە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک بەناوی خوا و خۆشەویستی خوا بۆیە مووسڵمانبوونی ئێوە لەگەڵ ئێمە جیاوازە، ھی ئێمە بۆ خوایە و ھی ئێوە بۆ دوو کورسی پەرلەمانە، ئایە ئەوانە چیان بۆ کوردستان وخەڵکی کوردستان و پێکەوەژیان پێیە، کە لەشەڕی داعش نەک بەرگریان نەکرد بگرە ئامادەنەبوون لەسەر مینبەر دووعایەکیش بۆ پێشمەرگە بکەن بەھۆی ئەوەی ئاغاکانیان فەرمانی پێنەکردبوون.
فەرماندە مەنسوور بارزانی ڕوونیشیکردەوە: ھەموومان ڕۆژی ٢٠-١٠ بچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، بۆیە ئەگەر من خۆشەویستی ئێوەم کە ھەمیشە باس دەکەن ھەموو کێشەکان بدەنە لاو پێکەوە ئەوەی مافی دەنگدانی ھەیە دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، بۆیە قەت نەڵێین ئێوە قەرزاری منن من خزمەتکاری ئێوەم و پێشمەرگەم و لەگەڵ ھەموو پێشمەرگەکان بەرگری لە خاکی کوردستان و پێکەوەژیان و میللەتی کوردستان و سەروماڵی خەڵکی کوردستان دەکەین، بۆیە خۆشحاڵ دەبم من بەخزمەتکاری خۆتان بزانن و چاوەڕێ دەبم خۆشەویستی بادیناننم یاخود نا.
بڵند ئیبراھیم




