٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسرور بارزانی: لە 20ـی ئۆکتۆبەر خەڵک داستانێکی دیکە تۆمار دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری سۆران، بەشداریی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ  سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، کرد.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا: "خەڵکی دەڤەری سۆران! خۆشحاڵم کە دەبیینم کە ئێوە بڕیارتان داوە پارتی براوە بێت، ئەمڕۆ لە مەڵبەندی بارەگای بارزانی نەمر، لەو شوێنەی کە شۆڕشی ئەیلوول سەرکردایەتیی گەورەترین بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی دەکرد، کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کۆتا بڕیار لە هەڵبژاردنی داهاتوو بدەین و لیستی پارتی سەربخەین".

 گوتیشی: چۆن لە شۆرشی ئەیلوول و گوڵان ئەم شاخ و کێوانە، هەندرێن، زۆزک و قەلەندەر و حەسەن بەگ، شوێنی تۆمارکردنی داستان بوون، خەڵکی ئەم دەڤەرە لەو 20ـی ئۆکتۆبەر داستانێکی دیکە تۆمار دەکەن کە هەموو ناحەزانی پارتی سەرشۆڕ بن و پارتی سەردەکەوێت و هەر بە یەکەمی دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی گوتی: "دەبێت بیرمان بێت دوای چەند رۆژی تر دەچینە سەر سندووقی دەنگدان، ئێمە کە دەنگ دەدەین بڕیار لە چارەنووسی و وڵات و شێوازی حوکمڕانی دەدەین، دەبێت وریا بین کە حوکمڕانیی داهاتوو ڕادەستی کێ دەکەین، دەبێت بزانین ڕابردووی ئەم لایەنانەی کە داوا دەکەن لەم هەڵبژاردەن دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان وەرگرن دەبێت بزانن کێن و ڕابردوویان چییە و چ بەرنامەیەکیان هەیە؟ ئەم بڕیارانەی ئێوە چارەنووسی ئێوە و نەوەکانتان دیاری دەکەن، زۆر بە وردی بڕیاری خۆتان بدەن.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە دروشمی لایەنەکان کرد و گوتی: "ئەوان یەک دروشمیان بۆ ئێوە پێ نییە کە باسی باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی ژیانی ئێوە بکەن، تەنیا دروشمی لایەنەکان هەموو بۆ نائومێدکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

گوتیشی: "ئەوان بە ئێمە دەڵین کۆتاییتان پێ دەهێنین و ڕاتان دەگرین. نەک ئێستا لە سەرەتای دروستبوونی پارتی تاوەکوو ئێستا زۆر لەو لایەنانە هەبوون کە هیچ ئامانجێکیان نەبوو جگە لەوەی بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن و نەهێڵن پارتی سەرکەوێت و ئەو گەلە بە کەناری ئارامی بگات. لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی کاروان و خەباتی  تێکۆشانی پارتی بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەن".

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە: "هەروەکوو چۆن لە پێشوو ئەو لایەنانە نەیانتوانی پارتی ڕابگرن، ئێستاش ناتوانن پارتی ڕابگرن، ناتوانن پارتی بوەستێن و بە ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان بگەن"

هەواڵی پەیوەندیدار