KDP دیدار و گفتووگۆی مەسروور بارزانی لەگەڵ هاووڵاتییانی شاری هەولێر بڵاو دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە قەڵای ھەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی ھاووڵاتییانی ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، ھاوکات بە گرنگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.
لە وەڵامی پرسیاری قوتابییەکی زانکۆ لەبارەی گرفتی ھاتووچۆ و کێشەی ئاو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر سیستەمێکی گواستنەوەی گشتی دەکات.
لەسەر پرسی ئاوەڕۆ و دروستبوونی لافاو لە ھەولێر مەسروور بارزانی دەڵێت: "لەدوای لافاوەکەی ھەولێر ڕێوشوێنی جیدیمان گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە لافاو. لەبارەی کێشەی بێ ئاوی ڕایگەیاند، بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بێ ئاوی لە ھەولێر چارەسەر ناکات و بەنیازن لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو بۆ ھەولێر تەواو بکەن.
پڕۆژەکانی حکوومەت
لەبارەی پرسی سەقامگیری و پڕۆژەکانی حکوومەت و بابەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، ھەرێمی کوردستان زۆربەی بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵیی بڕیوە و کاری جیدییان کردووە بۆ ئەوەی مافەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێن، لە ساڵانی داھاتووشدا ئەنجامی کار و بەرنامەکانیان زیاتر دەردەکەون. دواتر گوتی، "ھیوادارم ناوچەکە بەرەو سەقامگیریی زیاتر بڕوات، بۆئەوەی لەمپەر و قەیران دووبارە کاری ئاوەدانیمان سست نەکەن."
"لە ھەوڵداین کارەبای بەردەوام دابین بکەین"
لە وەڵامی ھاونیشتمانییەکدا مەسروور بارزانی دەڵێت: نرخی کارەبا و ئاو لەسەر ھاووڵاتییان زیاد نەکراوە، ھەروەھا لەبەر زۆریی پێداویستیی ھاووڵاتییان نەیانتوانیوە کارەبای ٢٤ کاژێری دابین بکەن، "لە کاتێکدا نرخی کارەبای موەلیدە زۆر لە حکوومی گرانترە، ئێمە لە ھەوڵداین کارەبای بەردەوام دابین بکەین و ئێستا لە چەند گەڕەکێکی ھەولێر چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە ٢٠١٣ەوە دامەزراندن لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە
بۆچی لە عێراق دامەزراندن بەردەوام و لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە، یاخود بۆچی وەکو ھەرێمێکی فیدراڵی پشکی نییە لەو ڕێژەی دامەزراندنەی لە عێراق ھەیە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا مەسروور بارزانی دەڵێت: "پێشتر و بەھۆی ململانێی حیزبییەوە زۆر کەس دامەزراون و ئێستا داھاتی ھەرێمی کوردستان ھێندە نییە تاوەکو خەڵکی نوێ دابمەزرێنێت، ئەم ساڵ عێراق یەک ملیۆن کەسی دامەزراندووە." ڕاشیگەیاند، نابێت ھەرێمی کوردستان بێبەش بێت لە ڕێژەی دامەزراندن لە عێراق، چونکە دەبوو ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی بوودجەی بۆ دیاری بکرێت، "بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن، ئێمە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین."
لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لە ھەرێمی کوردستان بکات و دەڵێت، نابێت وەزارەتێکی عێراق دەستوەردان لە کاروباری ھەرێمێک بکات و ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە.
ھەڵبژاردن و ڕێژەی بەشداری
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی مەسروور بارزانی و لە وەڵامی بەرزی و نزمیی ڕێژەی بەشداری و کاریگەریی دەنگی ھاووڵاتییان ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کرد و گوتی: "ڕەنگە ڕەوتێکی سیاسی ھۆکار بێت بۆ بێ ئومێدیی خەڵک لە دەنگدان، ھیوادارم لەم ھەڵبژاردنە ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییان زیاتر بێت، چونکە زۆر گرنگە ھاووڵاتییان دەنگ و ڕەنگیان لە ڕۆژی دەنگدان دیاری بکەن و داوامان لە ھەموو ھاووڵاتییان ئەوەیە بەشدارییەکی کارا بکەن لە ھەڵبژاردن، چونکە ئەنجامی ھەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر داھاتووی ھاووڵاتییان دەبێت."
"زۆر گرنگە وڵاتانی جیھان کارگە لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە"
بۆ بووژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکان، مەسروور بارزانی بە گرنگی زانی کارگەی ھەمەجۆر و پێشکەوتووی وڵاتانی جیھان لقیان لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، چونکە ئەوە لە زۆر ڕووەوە بە قازانجی کوردستانە و ئەوەش لەگەڵ سیاسەتی حکوومەت یەکدەگرێتەوە، کە بریتییە لە ھەمەجۆرکردنی داھات و گوتیشی، "سەرەڕای قەیران و دژایەتییەکان حکوومەت لەسەر پێی خۆی وەستاوە و ڕاگرتنی بوودجە بەربەست بوو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت."
دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان
مەسروور بارزانی دەڵێت: لەپێناو کارئاسانی زیاتر و خزمەتی ھاووڵاتییان دەسەڵاتمان بە پارێزگاکان دا، چونکە لە کۆتاییدا دەسەڵاتی خۆماڵی و پارێزگا بەرپرسە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی حکوومەت بڕیاریان لەبارەوە دەدات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ ھەموو پارێزگاکانە نەک شارێکی جیاواز و تایبەت.
ھەر لەبارەی دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان، سەرۆکوەزیران نموونەی بە پارێزگای سلێمانی ھێنایەوەو گوتی: "دەسەڵاتی حیزبی ھەبووە لە سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا پڕۆژەکان جێبەجێ بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و پێکەوەژیان مەسروور بارزانی لە بەرنامەکەدا دەڵێت، "ھەرێمی کوردستان بە لانکەی پێکەوەژیان ناسراوە و شانازی پێوە دەکات و ئێمە ھەر لە سەرەتاوە داوای بانگەشەیەکی ئاراممان لە ھەموو لایەنەکان کردووە و ھەر حیزب و لایەنێک بە زمانێکی زبر بانگەشە بکات گوزارشت لە خۆی دەکات."
پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق
مەسروور بارزانی باسی بەشێک لە گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر کەس ھەن لە بەغدا ھێشتا باوەڕیان بە فیدراڵی نییە، ھەروەھا بیرۆکەی بە مەرکەزیکردنی حوکمڕانی کێشەی لێدەکەوێتەوە و گوتیشی، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ھەیە و نییەتی ئەوەمان ھەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەری کێشەکان بکەین و ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی لەبەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە."
"عێراق گازی ھاوەڵ بە ھەدەر دەدات و کوردستان سوودی لێ دەبینێت"
لەو گفتوگۆیە پرسیار لەبارەی بەنداو، ژینگە و پاراستنیەوە کرا و مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە بەرنامەیاندایە بەنداوی گەورەتر لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن. ھەروەھا جەختی لە پاراستنی ژینگە کردەوە و گوتی، لە پاڵاوگەکانی عێراق گازی ھاوەڵ بە ھەدەر دەدرێت و کوردستان سوودی لێ دەبینێت و بەرنامەی گونجاویان بۆ ریسایکلین و بەکاربردنەوەی پاشماوە و خاشاک ھەیە. لە کۆتایی ئەو بڕگەیەشدا باسی لەوە کرد، "ژینگەپارێزی تەنیا بە حکوومەت ناکرێت و پێویستە ھاووڵاتییان ھاوکاربن."
یەکێتی و کورسیی کۆتا
لەبارەی پێکھاتەکان و بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نەھێشتنی ١١ کورسییەکە، مەسروور بارزانی دەڵێت، "یەکێتی لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای بۆ نەھێشتنی کۆتای پێکھاتەکان تۆمار کرد و شانازیش بەوەوە دەکات کە کورسیی کۆتای پێکھاتەکانی نەھێشتووە." ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، نەھێشتنی کورسیی کۆتای پێکھاتەکان "کارێکی ھەڵە بوو."
مەسروور بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیی پارتی لەگەڵ پێکھاتەکان دا و گوتی، "بڕوای پارتی بە مافی پێکھاتەکان وایکردووە ئەوان ببنە ھاوپەیمانی پارتی و دەبێت پارتی شانازی بەوەوە بکات، کە بووەتە جێگەی متمانەی پێکھاتەکان و لابردنی کورسیی کۆتای پێکھاتەکان لێدان بووە لە مافی پێکھاتەکان، نابێت لەبەر ھۆکاری سیاسی مافی پێکھاتەکان پێشێل بکرێت و بە پێداگیریی پارتی ٥ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان گەڕایەوە."
سەبارەت بە حکوومڕانی، سەرۆکوەزیران دەڵێت: حکوومڕانی ئاسان نییە چونکە ئەمانەتە، هەڵگرتنی ئەمانەتیش قورسە، کە دەستبەکار بووم سوێندم خوارد کە بەرانبەر بە خەڵک و نیشتمان بە ئەمەک بم و لە خزمەتکردنیان بەردەوام بم.




