دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە

بەغدا -KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: پرۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیار دەدات بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێستا لە سەرجەم بنکەکانی کۆمسیۆن لە ھەرێمی کوردستان دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوانەی پێشتر خۆیان تۆمار کردووە، سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان بێبەش نەبن و بتوانن دەنگی خۆیان بدەن، دەنگدەریش دەتوانێ بچێت لەو شوێنەی ناوی تۆمار کردووە کارتی خۆی وەربگرێتەوە.
جومانە غەلای گوتیشی: ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی کەی کۆتایی بە دابەشکردنی کارتی دەنگدان دێت، ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەتوانێت بڕیار بدات چ کاتێک کۆتایی بە دابەشکردنی کارتی دەنگدان بێت، بۆیە دەرفەتە بۆ ئەوانەی کارتیان وەرنەگرتۆتەوە بچن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن و کارتی خۆیان وەربگرنەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠/١٠ بەڕێوە بچێت، ئێستا بانگەشە بەردەوامە و پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٩٠ بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
بڵند ئیبراھیم




