کاندیدانی پارتی لە بازنەی هەولێر بۆ KDP: دەنگ لە ئێوە و خزمەت و ئاوەدانی لە ئێمە

ھەولێر-KDP.info- کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، جەخت لەسەر وەفاداریی خۆیان بۆ دەنگدەران دەکەنەوە و دەڵێن، ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، دەنگ لە ئێوە و خزمەت و ئاوەدانی لە ئێمە.
نەسرەت سۆفی، کاندیدی ژمارە ٦٣ی لیستی ١٩٠ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شانازییە بۆ من کاندیدی پارتیم لە بازنەی ھەولێر، ئەگەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنم، ئەوا کەسێکی ڕاستگۆ دەبم لەگەڵ خەڵکی و ھەمیشە دەنگێکی دلێر دەبم بۆ بەرگریکردن لە ھاووڵاتیان، کە زۆر بەرنامە و پلانم ھەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتیاندا".
د. پاکستان حەمەدەمین دۆڵەمەری، کاندیدی ژمارە ٩ی لیستی ١٩٠ی پارتی لە بازنەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کردەوەکانمان شایەتیی ئەوە دەدەن چیمان کردووە لە ڕابردوودا، من لە ڕابردوودا پیشەم خزمەت بووە و لە داھاتووشدا ئامانجم ھەر خزمەتکردنە، بۆیە دەنگدان بە لیستی ١٩٠ی پارتی و کاندیدی ژمارە ٩ دانانی بەردێکە لەسەر بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز".
سەعدی خدر خەیلانی، کاندیدی ژمارە ٣٠ی لیستی ١٩٠ی پارتی لە بازنەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "من خاوەنی حەوت شەھیدم بۆ کوردستان، ئەمڕۆ شانازییە بۆ من کاندیدی لیستی سەرۆک بارزانی بم، ئەگەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنم، خزمەتی ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، بە تایبەتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان".
مامز ھەرکی، کاندیدی ژمارە ٥٨ی لیستی ١٩٠ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "بەڵێن دەدەم ھەموو توانایەک بۆ بەدیھێنانی داواکاریی خەڵکی بخەمە گەڕ، ئەگەر دەنگ بەدەست بێنم و بچمە پەرلەمانی کوردستان، ئەوا کەسێکی وەفادار دەبم بەرامبەر بە دەنگدەران، لیستی ١٩٠ی پارتیش دروشمەکەی بەسە بۆ ئێمە تا بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین بەبێ جیاوازی، داوا لە دەنگدەرانیش دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٩٠ بدەن".
قائید میرۆ




