٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: لەم هەڵبژاردنە هەر بڕیارێک بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە شاری دھۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دھۆک کۆبووەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، ئەم ھەڵبژاردنە ڕووداوێکی ھەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ھەر بڕیارێک لەم ھەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داھاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین، بڕیاردانی ئێمە دیاریی دەکات دوای ئەم ھەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داھاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، بە چ شێوەیەک دەبێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: بڕیار لە ڕۆژێکدا بۆ ھەڵبژاردن دەدرێت، بەڵام بڕیاری ئەم ھەڵبژاردنە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، ھەروا ئەنجامی بڕیاری ئێوە ھەرچییەک بێت، ئەم چوار ساڵەی حوکمڕانی دیسان دەبێتە بەرھەمی بڕیاری ئێوە، ھەربۆیە داوا لە ھەموو خوشک و برایانی ھێژا دەکەم، چ ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون یان ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی لە ھەر شوێنێکن و گوێ بیستی ئێمە دەبن، داواتان لێ دەکەم لەم ھەڵبژاردنە بڕیارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەن، بۆ ئەوەی بزانین داھاتووی ئەم وڵاتە و ئەم دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ڕەنج و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکێکی قارەمانە، بە ھەدەر ناڕوات.

ڕاشیگەیاند "ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و ھەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە ھەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم ھیچ جیاوازییەکی نییە، ھەڵەیە، چونکە ئەگەر ھەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات، بە تایبەت ئێوەی مامۆستایانی ھێژا، ئەرکێکی زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، بۆیە دەبێت ئێوە ڕێنمایی بدەنە ھاووڵاتییانی دیکە لە خوێندکاران و قوتابیان و ھەر کەسێک کە ئێوە کاریگەریتان لەسەر دەنگدانەکەی ھەیە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تاوەکوو داھاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن، منیش لەو بڕوایەدام بڕیاری ئێوە بڕیارێکی ڕاست و دروست دەبێت.

گوتیشی: چاوەڕوانین نەک ھەر ئێوە بە تەنیا، بەڵکو کەسوکاری ئێوە و خزم و دراوسێکانی ئێوە، لەگەڵ قوتابیانی ئێوە ھان بدرێن ڕۆژی ٢٠ی ١٠ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. گرنگیی ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئێمە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و دیار نییە چارەنووسی ناوچەکەش بەرەو کوێ دەچێت؛ ھەر بۆیە وڵاتەکەی ئێمە پێویستی بە بڕیاری حەکیمانە ھەیە و سەرکردایەتییەکی حەکیمانەی دەوێت، تەنیا بە گوتار و قسەکردن و بەڵێن دان، وڵات بەڕێوە ناچێت، ھەربۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی دروستمان لەسەر ڕابردووی ھەر لایەنێکی سیاسی ھەبێت، بۆ ئەوەی بزانین لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن یان نە.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارەکەیدا بۆ مامۆستایانی زانکۆی دھۆک گوتیشی: ئەگەر وڵاتەکەی ئێمە ناچاری قوربانیدان بێت، ئەو سەرکردایەتییەی ھەڵدەبژێردرێت کە لەو ئاستەدان خۆیان بکەنە قوربانی بۆ خەڵکی خۆیان یان وەک زۆر لایەنان، وەک ھەموو جاران گەل دەکەنە قوربانی خۆیان؛ بەڵام من بەبێ گومان بە ئێوەی دەڵیم پارتی ئەو پارتەیە کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر دروست بووە و ئێستاش کە جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتیی دەکات و ئەو حزبەیە کە ھەمیشە خۆی کردووەتە قوربانی میللەتی خۆی.

گوتیشی: ھەر لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە، پارتی بۆ ئەوە دامەزرا کە پێویستییەکی نیشتمانی بوو، گەلی ئێمە کەوتبووە بەر شاڵاوی قڕکردن، خاکی ئێمە وێران دەکرا، خەڵکی ئێمەیان بێ ھیوا کردبوو، ئەو دەستکەوتانەشی پێشتر ھەبوون، بەرەو لە ناوچوون، دەبران، وایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو باوەڕیان بە دۆزی خۆیان نەمێنێت، بەڵام جەنابی بارزانی نەمر بڕیاری دامەزراندنی پارتی دا، پارتی وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز کە ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لە ھەر شار و شارۆچکە و دەڤەرێکی کوردستان، بە ھەر بیرو بۆچوون و ئاینێکی جیاواز و ئاین و نەتەوەیەک بوو بێت لە ژێر سێبەری پارتی خۆ ببینێتەوە. لەو کاتەدا ئەمە بڕیارێکی حەکیمانە بوو. ئەمەش وای کرد بۆ یەکەمجار لە مێژووی ھاوچەرخدا، بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی، نەک بە تەنیا نەتەوە، بەڵکو نیشتمانیی لە سەرتاسەری کوردستان بەرپا کرد، ھۆی مانەوەی پارتی و سەرکەوتنی پارتی ڕۆژ دوای ڕۆژ، ھی ئەو بڕیارە حەکیمانەیە کە ئەو کاتە جەنابی بارزانی نەمر داویەتی، ئەمڕۆکەش ئێمە شانازی دەکەین کە ھەر لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوامین و قوتابی ئەم ڕێبازەین، ھیوای ئێمەش ئەوەیە ئینشاڵا بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ دەستکەوتی زیاتر بۆ ئەم پارتە زیاد دەکەین کە لە خزمەتی گەلی خۆیەتی. 

جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: "جێگەی خۆیەتی سوپاسی مامۆستایانی کوردستان بکەم کە لەم ماوەیەی ڕابردوو بەرگەی ناخۆشی و فشارێکی زۆری ئابووری لەسەر ئەوان ھەبێت، بەڵام مامۆستایان ھەر وەک ناو و پیشەی خۆیان، نەک ھەر بە وانە وتنەوە بەڵکو بەکردار سەلماندیان کە پێویستە مرۆڤ دەبێت قوربانی بدات بۆ بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆی، بەرگەی ھەموو فشارەکانیان گرت و ڕێگەیان نەدا پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت. نەیانھێشت قوتابییەکان لە فێربوون و خوێندن بێبەش بن، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە. ماندو بوون و خۆڕاگریتان جێگەی ڕێزلێنانە؛ ھەربۆیە ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئێوەین بۆ ئەو ھەموو زەحمەتییەی لە ماوەی ڕابردوو بینیوتانە".

لە بارەی پیلانگێڕییەکانی دژ بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "ھەوڵی زۆر ھەبوو بۆ ئەوەی ھەموو جومگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تووشی شکست بکرێن، ئێمەش ھەموو ھەوڵێکمان دا تەسلیمی ئەو فشارانە نەبین بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونەی ئێمە بەردەوام بێت، ئەمەش ھێندە ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو، چەندە نەیارەکان فشاریان زیاد دەکرد، ئێمە زیاتر ھەستمان بە پشتوانیی خەڵکی کوردستان دەکرد، ئەمەش گەورەترین سەروەت و سەرمایەیە، بۆ ھەر حکوومەت و دەسەڵاتێک، مادام خەڵک لەگەڵ تۆدا بێت، ھیچ ھێزێک ناتوانێت بتشکێنێت".

"ئێمە چەند بڕیارێکمان داوە لەسەر باشترکردنی ئاستی خوێندن لەسەرتاسەری کوردستان، دەزانم ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە ڕووی ناوەرۆک و خوێندنەوە بەرەو باشتر دەچن، دەشزانین کەموکوڕی زۆریش ھەیە، بۆ ئەوەی چارەی کەموکووڕییەکان بکەین پێویستمان بە ئیمکانییەتە لە باڵەخانە و تاقیگە و کەلوپەلی پێویست ھەم بۆ مامۆستایان و ھەم بۆ قوتابیان تا وەکوو بەشێوازێکی سەردەمییانە پرۆسەی خوێندن لە ھەموو ناوەندەکانی بەردەوام بێت. ھەروەھا خوێندن بەشێکە و پەروەردەکردن بەشێکی دیکەیە و ئەرکی مامۆستایانە لە قوتابخانەکان و زانکۆکان قوتابیانی خۆیان فێر بکەن، پرۆگرامی خوێندن چەندە باشبێت، ئەگەر لە بەیەکەوە بەستنەوەی ھەستی نیشتمانی لەگەڵ وڵاتەکەمان و لەگەڵ یەکتری و ڕێزگرتن لە پێکەوە ژیانی ھەموو پێکھاتەکان ئەوا خوێندنەکە تەواو نابێت، ھەربۆیە پێویستە ئێمە فێر بکرێن چۆن ڕێز لە ژینگە و وڵاتی خۆمان  بگرین و چۆن وڵاتەکەمان پێش بخەین، بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەیەکی تەندروست، وڵاتەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش ببەین، ھەروەھا بۆ دابینکردنی پێویستییەکان دەبێت تواکانی حکوومەت فراوانتر بکەین، پێویستمان بە زیادکردنی داھاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە تاوەکوو بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان سوودی لێ وەر بگیرێت. 

هەواڵی پەیوەندیدار