ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی بۆ KDP: نەیارانی پارتی بەرەو شکست دەڕۆن

سلێمانی-KDP.info- یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین، ئاماژە بەوە دەکات، کە خەڵکی سلێمانی باش بۆیان دەرکەوتووە ئەوەی خزمەتیان دەکات و خەمخۆری شارەکەیانە پارتی دیموکراتی کوردستانە و ھەر پارتیش پارێزەری کوردستانە، بەبێ پارتی کوردستان پارێزراو نابێت.
ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی، لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە پارێزگای سلێمانی ھەڵمەتێکی ھاش و ھوش و گوتاری ڕق و کینە دەستی پێکردووە، ئەم گوتارە لە دژی پارتی کراوە، بەڵام خۆشبەختانە ھەر ھێزێکی سیاسی نزیک دەبێتەوە لە ئیفلاسی سیاسی پەنا دەباتە بەر زمانی سووک و تۆمەتی بێ بنەما بەخشینەوە و خوڵقاندنی ژینگەیەکی دەروونی ناتەندروست بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان.
ناوبراو باس لەوەدەکات و دەڵێت: ئێمە تەحەدایان دەکەین وەک پارتی وەرن بەرنامەی خۆتان بخەنەڕوو بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتی و باسی دەسکەوتەکانتان بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم، بەڵام بەدڵنیایەوە نەتانتوانیووە وەک پارتی سەروەری تۆمار بکەن ئیتر سووچی ئێمە چییە کە بە ستراتیژیەتێکی نەگۆڕەوە بووین بە پارێزەری خەڵکی کوردستان و سەرقافڵەی ئاوەدانی کوردستان و ھیچ لۆجیکێکی تێدا نییە ئەم سلێمانییە پارە و داھاتی خۆی ھەبووە و بوودجە و پارەی باج و داھاتی وەک ھەولێر و دھۆک بووە فەرموون ئەوە ھەولێر و دھۆک ببینن بزانن چی بۆ کراوە سەیری سلێمانی بکەن تا ئێستاش شەقامی ١٠٠ مەتری نییە سەیری ھەڵەبجە بکەن لەگەڵ زاخۆ و سۆران بەراوردی بکەن لەکاتێکدا زاخۆ و سۆران ئیدارەی سەربەخۆن کەچی ھەڵەبجە پارێزگایە ئەو خزمەتگوزاریەی لە سۆران و زاخۆ ھەیە بزانن لە ھەڵەبجە ھەیە؟ ئەوەشی ھەیە لە ھەڵەبجە پێشتر لە سەردەستی پارتی و ئێستاش سەرۆکوەزیران کردوویەتی دەنا دەسەڵاتی سلێمانی و حاکمی سلێمانی نەیانتوانیووە ئەم شارە ئاوەدان بکاتەوە چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان پێی نیە.
یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین، جەخت دەکاتەوە کە پارتی دەیەوێت دەستی ئاوەدانی و ئارامی بگاتە سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕین، ئێمەش ئومێدی تەواومان ھەیە کە لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی سەرکەوتنی پارتیمان لە ھەر دوو بازنەی سلێمانی و ھەڵەبجە پێڕابگەیەنن، چونکە تەنیا پارتی داکۆکیکاری سەرسەختی گەلی کوردە، چۆن لە ڕابردوو بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە و ھەمیشە پارێزەری قەوارەی ھەرێم بووە و متمانەی زۆرینەی بەدەست ھێناوە، دەبێت ئەمڕۆش بە لەبەرچاوگرتنی خزمەتەکانی پارتی و حوکمڕانی پارتی لەو شوێنانەی کە تێیدا باڵادەستە، دەبێت ھەموومان پێکەوە ھەوڵەکانمان بدەین بۆ سەرخستنی لیســــتی ســـــــەرۆک بارزانی.
جوانڕۆیی پێشی وایە: ئەوەی ئێستا دەستی داوەتێ بە دڕاندن و لێکردنەوەی پۆستەرەکانی پارتی دەرخەری ئەو ئیفلاسە سیاسییە کە نەیارانی پارتی خەریکە دەزانن ڕووەو شکست دەڕۆن و ئێستاش باشترین دەرفەتە لە بەردەم خەڵکی سلێمانی بۆ ئەوەی چیتر سەرانە لە خەڵک وەرنەگیرێت و چایچی بێتاوان نەکوژرێت و کۆڵبەری ھەژار خەڵتانی خوێن نەکرێت و پارەی پڕۆژەکان نەدزرێت و دەنگ بدرێتە پارتی و سلێمانی و لەم نەھامەتیە ڕزگار بکرێت.




