هەڵەبجەیی و هەورامییەکان: لە پێناو ئارامی و ئاوەدانیدا دەنگ بە لیستی پارتی دەدەین

هەڵەبجە-KDP.info- خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان، لە ڕەفتارەکانی حزبی دەسەڵاتداری سنوورەکەیان بێزارن و بڕیاریان داوە سزایان بدەن.
نێچیرڤان جەبار ئیمامی، چالاکى سیاسى لە پارێزگاى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "هەڵەبجەییەکان هەمیشە لە پشت پارتی بوون، ئەمەش پێوەندییەکى مێژوویی بە ئیرادەى خۆنەچەماندن و سەرخستنى لیستی ١٩٠ی پارتی هەیە. ئەوانەى پەیامیان هەیە بۆ پارتى و دەڵێن دەیڕووخێنین، پەند لە مێژوو وەربگرن، لە سەردەمى پاشایەتیی عێراقەوە پلان دادەنێن و دەڵێن پارتى دەڕووخێنین، کە لە پاشاى عێراقەوە بۆ سەددام حوسێن دژایەتیى پارتییان دەکرد، ئەوان چییان بەسەر هات و پارتى و بارزانى بە گەورەیى مانەوە، ئێمە پەیاممان هەیە بۆیان و دەڵێین ناتوانن، ئەوان بورکان و بورهان لێک جیا ناکەنەوە، دڵنیام بە مێژووى کوردیش ئاشنا نین".
سایە خەسرەو، کچە چالاکوانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە پارێزگاى هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین پشتیوانیی لیستى ١٩٠ی پارتى دەکەین، بە پشتیوانیی خواى گەورە و خەڵکى هەڵەبجە، لیستى پارتى و سەرۆک بارزانى سەرکەوتنى گەورە لە هەڵەبجە تۆمار دەکەن. بە ڕاستى ئەوەى بۆ هەڵەبجە نەکراوە، پارتى و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى، بۆ هەڵەبجەییەکانى ئەنجام دەدات، ئەوەى دەیبینین خەڵکى هەڵەبجە دەیانەوێت لیستى پارتى سەربخەن، تاکو هاوشێوەى دهۆک و هەولێر، دەستى ئاوەدانى بگاتە ئەم شارەش، ئەوەى ئێستاش هەیە هەموو پڕۆژەى سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییە لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت".
پشتیوان عەزیز، کادیری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵکی هەڵەبجە لە حزبی دەسەڵات لە شارەکەیان تووڕەن، کە ساڵانێکی زۆرە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و ئەمنییان لە دەستدایە، بەڵام نەیانویستووە هیچ بۆ هەڵەبجەییەکان بکەن، پڕۆژەکانی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە هەڵەبجە دەربکە، ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی سەردەمی کیمیابارانکردنی، ئێمە بڕوامان بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور هەیە، پارتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکات، دەبێت خاوەنداریەتیی ئەم شارە بگەڕێتەوە بۆ ئەو حزبەی کە ئامانجی خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەیەتی".
عەزیز ڕەسووڵ




