٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

داهاتووی پرۆژەی چارەسەری

سەرچاوە: KDP.info

جۆنەیت ئاقجایوورەك

سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان دوێنێ شەو لە بەرنامەیەكی كاناڵی سی ئین ئیندا كە نوێنەری چەندین رۆژنامەیش بە تایبەتی جمهووریەت لەم بەرنامەیەدا ئامادە بوون، وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی دایەوە و لە سەر ناوی حكوومەت باسی ئەو خاڵانەی كرد كە هەر كەس دەیەوێ لێیان تێبگات.

لە سەرەتای ئەم بەرنامەیەدا سەرۆك وەزیر رەجەب تەییب ئەردۆغان زۆر بە ئاشكرایی ئەو داواكارییەی ئوجەلان، پەكەكە و بەدەپەی رەد كردەوە كە دەڵێن: دەبێت پارلەمانی توركیا یاسایەك بۆ كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دەربكات تا بەمجۆرە هێزە چەكدارەكانی پەكەكە بەبێ ئەوەی كە چەكەكانیان دابنن، لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەركەون.

لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا لە سەر پرسیارێكی من سەبارەت بەوەی كە ئایا لە نێوان ئوجەلان و حكوومەتدا هیچ جۆرە مامەڵەیەك رووی داوە یا نا؟ بۆ نموونە ئایا لە سەر ئەوە حكوومەت و ئوجەلان پێكهاتوونە كە لە بەرامبەر تێپەراندنی سزاكەی ئوجەلان لە ماڵ بەدەپە ئامادەیە لە نێو پارلەماندا دەنگ بە پێشنیاری سیستەمی سەرۆكایەتی بدات كە لە لایەن سەرۆك وەزیرەوە پێشكەش دەكرێت یانا؟ ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە لەم قۆناخەدا هیچ شتێك بە ناوی مامەڵە یا تەعویزدان لە ئارادا نییە، بەڵكو هەر دوو لا دەیانەوێ پرسی كورد چارەسەر بكەن و توركیا تۆزێكی دیكە دیموكراتیزە بكرێت. بێگومان لێدوانەكانی سەرۆك وەزیر گرنگن بەڵام شك و گومانەكانی ئێمەیش هەر بەردەوامن.

یەكێك لە شك و گومانەكانی من و زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەنووس و چاودێرانی سیاسی ئەوەیە كە رەنگە روودا و پێشهاتی دیكە لە چەند رۆژی داهاتوودا روو بدات و سەرۆك وەزیر وەكو رابردوو دەست بە گۆڕینی هەڵوێست و لێدوانەكانی خۆی بكات. ئەمە وەكو خاڵێكی گرنگ لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەنووس و نووسەرەكانی توركیاوە گفتووگۆی لە سەر دەكرێت.

هەر چەند كە سەرۆك وەزیر داواكاری پەكەكە و بەدەپە بۆ ئەوەی كە یاسایەك بۆ كێشاندنەوەی هێزەكانی پەكەكە دەربكرێت و لە نێو پارلەماندا كومسیونێك بۆ چاودێری كردنی پرۆسەی كێشانەوە دابمەزرێت رەد دەكاتەوە بەڵام دیارە كە نە ئوجەلان، نە پەكەكە و نە بەدەپە نایانەوێ ئەزموونی ساڵی 1999 دووبارە ببێتەوە. چوونكە لە ساڵی 1999دا جارێكی دیكە پەكەكە لە سەر داواكاری ئوجەلان هێزە چەكدارەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەر كرد بەڵام لە كاتی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكەدا سوپا هێرشی زۆر توندی كردە سەر پەكەكە و گورزی زۆر كوشندەی لە پەكەكە وەشاند. لەم قۆناخەی ئێستایشدا پەكەكە و ئوجەلان و بەدەپە داوای دەر كردنی یاسا و دامەزراندنی كومسیون لە لایەن پارلەمانی توركیاوە دەكەن تا دووبارە سوپای توركیا نەتوانێت هێرش بكاتە سەر پەكەكە. بەڵام لە بەرامبەر ئەم داواكارییەدا ئەردۆغان دەڵێت یاسا دەر ناكرێت و كومسیون دانامەزرێت و هێزەكانی سوپایش هێرش ناكەنە سەر هیچ جورە گرووپێكی بێ چەك. ئەمە مانای ئەوەیە كە سوپا مۆڵەتی پێدراوە كە هێرش بكاتە سەر چەكدارەكانی پەكەكە. ئەگەر وا بێت پەكەكە ئاگربەستی خۆی دەشكێنێت و پاشەكەشی بە هێزەكانی ناكات. لێرەدا دیارە كە پەكەكە، ئوجەلان و بەدەپە دەیانەوێ قۆناخی چارەسەری لە چوارچێوەی یاسادا بێت بەڵام دەوڵەت و حكوومەت دەیانەێ هەر وەكو رابردوو بە زۆرەملێ قۆناخەكە بەرێوە ببەن و ئەمەیش دەبێتە هۆكاری سەرنەكەوتنی ئەم قۆناخە.

سەرۆك وەزیری توركیا دەڵێت: ئەگەر پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا چەك دابنێت و دواتر دەست بە كێشانەوەی هێزەكانی خۆی بكات ئەوا لە جیاتی پارلەمانی توركیا حكوومەت ئامادەیە هەر جۆرە رێوەشوێنێكی پێویست بگرێتە بەر و هەر جۆرە گەرەنتییەكیش پێشكەش بكات. ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە لایەن پەكەكە و بەدەپەوە وەكو پلانێك بۆ بە دیل گرتنی چەكدارەكانی پەكەكە لە قەڵەم دەدرێت و دەڵێن پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە چەك دابنێت. چوونكە ئارمانجی حكوومەت شتێكی دیكەیە، ئەگەر حكوومەت راست دەكات و دەیەوێ پرسی كورد چارەسەر بكات با سەرەتا لە لایەن پارلەمانەوە یاسایەك دەربكات و داوای دامەزراندنی كومسیونێكی سەربەخۆ و بێ لایەن لە پارلەمان بكات تا لە چوارچێوەی یاسادا و بە چاودێری ئەو كومسیونە پەكەكە هێزە چەكدارەكانی خۆی بكێشێتەوە. بێگومان ئەمە تەنیا كێشانەوەی هێزەكانە و مەسەلەی دانانی چەك مەسەلەیەكی دیكە و جیاوازە و بە پێ پێشكەوتنەكانی قۆناخی چارەسەری لە داهاتوودا دەتوانرێت لە سەری قسە و باس بكرێـت.

هەر چۆنە سەرۆك وەزیر زۆر بە ئاشكرایی داواكارییەكانی پەكەكە و بەدەپە و ئوجەلان رەد دەكاتەوە، ئەوا پەكەكە، ئوجەلان و بەدەپەیش بەمجۆرە داواكارییەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەد دەكەنەوە چوونكە بەدەپە و ئوجەلان دەزانن كە تا ئەو كاتەی كە چەك لە دەستی پەكەكەدا بێت دەتوانن داواكارییەكانی خۆیان فەرز بكەن و پشتیان بە هێزی پەكەكە گەرمە بەڵام ئەگەر پەكەكە چەك دابنێت سەرەتا ئوجەلان و دواتریش بەدەپە بە بێ پشت دەمێننەوە و ناتوانین بە هیچ شێوەیەك داواكارییەكانی خۆیان فەرز بكەن و متمانەیشیان بە حكوومەت نییە كە لە رووی سیاسی و یاساییەوە داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.

بۆیە رەد كردنەوەی داواكارییەكانی یەكتر لە لایەن هەر دوو لایەوە دەبێتە مەترسییەكی زۆر گەورە بۆ سەر داهاتووی قۆناخی چارەسەری. ئەگەر بریارە ئەم پرسە چارەسەر بكرێت و هەر دوو لا سوورن لە سەر چارەسەر كردنی ئەوا دەبێت جار جاریش بە یەكتر تەعویز بدەن و هەوڵ بۆ نزیك كردنەوەی داواكارییەكانیان لە یەكتر بكەن. بە پێچەوانەوە ئەگەر دەوڵەت هەر هەمووی داواكارییەكانی پەكەكە و ئوجەلان و بەدەپە رەد بكاتەوە و پەكەكە و ئوجەلان و بەدەپەیش داواكارییەكانی دەوڵەت رەد بكەنەوە ئەوا دووبارە لە جیاتی چارەسەر كردنی پرسی كورد شەڕ و ئاڵۆزی سەر هەڵدەداتەوە و دەگەڕینەوە بۆ سەرەتای مەسەلەكە.

سەرچاوە: جمهووریەت

هەواڵی پەیوەندیدار