٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاووڵاتیان بۆ KDP: دەبێ خەڵک بزانێ شاری سلێمانی بۆ دواکەوتووە و کێ ھۆکارە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- دەستە دەستە خەڵکی شاری سلێمانی و دەورووبەری پەیامەکانیان لەڕێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە دەگەیەنن و بە تامەزرۆییەوە دەنگ دەدەنە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان.

محەممەد ئەحمەد فەرەج، ھاووڵاتییەکی خەڵکی پیرەمەگرونە لە پەیامێکی دا دەڵێ: داوا لە جەماوەری تێکۆشەری سلێمانی دەکەم پێکەوە دەست لەناو دەست لە سنووری سلێمانی و دەورووبەری، ئەمجارە دەنگ بدەنە پارتی دیموکراتی کوردستان، پێویستە ئەم جارە بۆ ھەمیشە لەو قەلەقی و دڵەڕاوکێیە بێینە دەر و فکرمان بۆ ئایندەی خۆمان ڕوون بێت، خەڵک دەبێ بزانێ ئەم شارە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بۆ دواکەوتووە و کێ ھۆکارە؟ دەبینین لە دھۆک و ھەولێر پڕۆژە لەسەر پڕۆژە جێبەجێ دەکرێ، ئێمەش لەم شارە بێبەش کراوین و دەستێک ناھێڵێ دەستی ئاوەدانی حکوومەت بگاتە ئێرە، دەنگدانی ئەم خەڵکە بە لیستی ١٩٠ دەستی حکوومەت واڵاتر دەکات بۆ ئەوەی خزمەتی ئەم شارە بکرێ، ئەویش تەنیا لەڕێی نوێنەرانی پارتییەوە دەکرێ چونکە پارتی حزبی کردارە.

میدیا کەمال، ھاووڵاتییەکی تری شاری سلێمانییە و داوا دەکات، خەڵکی سلێمانی دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، لەبەر ئەوەی لە سنووری سلێمانی بە تایبەتی لە ناوچەکانی شارباژێڕ شوێنی گەشتیاریی سرووشتیی جوانمان ھەیە، بەڵام خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، ھەروەھا شار و گوند و شارۆچکەکان پێویستیان بە پڕۆژە و خزمەتگوزارییە، پارتی تاکە حزبە کە بەرنامەیەکی جیدی و زانستی و پێشکەوتووی ھەیە بۆ ئاوەدانی و دەستی پارتی لە کوێ بێت ئاوەدانی و جوانی و شارسازی و پێشکەوتن لەوێیە.

تۆفیق سابر مەحموود، ھاووڵاتییەکی تری شاری سلێمانییە، ئاماژە بەوە دەکات: پشت بە خوا و بە پشتیوانی سەرۆک بارزانی سەرکەوتنێکی نموونەیی بۆ لیستی ١٩٠ تۆمار دەکەین، لە ڕۆژی ٢٠-١٠ بە گوڕ و تینێکی بەھێزتر لە پێشوو دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین، چونکە دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە سەروەری یاسا، بە پڕۆژەسازیی، بە وڵاتسازیی و بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیان و سەرفرازی.

ھاووڵاتییەکی تری سلێمانی بە ناوی ڕزگار ڕەسوڵ، دەڵێت: بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەین چونکە زامنی کوردستانە، بانگ لە خەڵکی سلێمانی دەکەم سەیری ھەولێر و دھۆک و زاخۆ بکەن و سەیرێکی شاری سلێمانیش بکەن، بزانن کوێ خزمەتی کراوە و کوێش ڕێگری لێ کراوە خزمەت بکرێ، ئێمە ئەگەر لە سنووری سلێمانی دەست کراوە بین، کە دەنگی خەڵک ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنێ بێگومان پارتی لەڕێی بەرنامەکانییەوە بۆ حکوومەت بە ڕژدی سەرمایەگوزاریی و خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی دەھێنێتە ئەم شارە خۆشەویستە. 

 

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار