کاندیدانی بازنەی سلێمانی: ئازادی و خۆشگوزەرانی دەگەڕێنینەوە بۆ سلێمانی

سلێمانی-KDP.info- کاندیدانی بازنەی سلێمانى دەڵێن: تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوونی ئەم دۆخە نالەبارەی خەڵک لە سلێمانی ھەیەتی، دەنگدانە بە پارتی، تا خوشگوزەرانی روو لە سلێمانی بکات.
زانا تۆفیق بەگ، کاندیدى ژمارە (٢٨)ی لیستى ١٩٠ پارتى لە بازانەى سلێمانى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە ئامانجمانە لە سلێمانی یاسا سەروەربێت، ئەم شارە یاساى تێدا نەماوە و تاڵانکارى هەیە، دەمانەوێت یەک حکوومەت و پەرلەمان هەبێت و هەموو پێکەوە ببینە پایەى پاراستنى قەوارەى دەستووریى کوردستان و ئەزموونى خۆشگوزەرانى هەولێر و دهۆک بگوازینەوە بۆ سلێمانى و هەڵەبجە، دەمانەوێت داهاتی قۆرخکراو بگەڕێنینەوە بۆ حکوومەت و لاوانى سلێمانى لە داهاتەکەیان بێبەش نەکرێن.
لانە محەمەد کاندیدى ژمارە (٤٥)ی بازنەى سلێمانى لیستى ١٩٠ پارتى، بە ماڵەپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانی ڕاگەیاند: کارى هەرە لەپێشینەم لە پەرلەمان پاراستنى کەلتوور و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانە، کارکردنە بۆ دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان و کارکردن بۆ لاوان و دۆزینەوەی هەلیکار بۆیان تا خزمەتی وڵاتەکەى خۆیان بکەن.
شەهاب دۆڵەسوورى کاندیدى، ژمارە (٥)ی لیستى ١٩٠ی پارتى لە بازنەى سلێمانی، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ئامانجى من ئەوەیە لە پەرلەمان لە ڕێگاى یاساوە پشتیوانى هەموو داواکارییەکانى کۆمەڵگاکەمان بکەم، زۆر گرینگە هاووڵاتییانى سلێمانى و قەزا و ناحیە و گوندەکانى دەنگ بە پارتى بدەن، هەموو حزبەکانیان تاقى کردەوە، ئەو حزبانە تەنیا لەخەمى دەستکەوتى شەخسى خۆیان بوون، هیچیان بۆ سلێمانى نەکردووە، پارتى لەسەر ڕێڕەوى حکومڕانییە و ئامانجەکانى خەڵک بەدى دەهێنێت، پارتى ئارامى و ئاوەدانى و خۆڕاگرى بۆ سلێمانى دەگەڕێنێتەوە.
هاجەرە محەمەد کاندیدى ژمارە (٥٤)ی لیستى ١٩٠ی پارتى لە بازنەى سلێمانى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانی ڕاگەیاند: ئامانجمانە لە پەرلەمانەوە بە یاسا ڕێگرى لە تێکدانى ژینگە و بڕینى ئۆکسجینى شار و سووتاندنى دارستانەکان بکەین و کار بکەین بۆ باشترکردنى گوزەرانی خەڵکی سلێمانى و لابردنى بەربەستى بەردەم پڕۆژەکان، دەنگ لە خەڵکى سلێمانى و هێنانى دەستێکى ئاوەدانى هاوشێوەى هەولێر بۆ سلێمانیش لە ئێمە.
عەزیز ڕەسووڵ




