بە فەرمانی مەنسوور بارزانی داواکاریی مەسیحییەکانی سێمێل جێبەجێ دەکرێت

دھۆک-KDP.info- بە فەرمانی فەرماندە مەنسوور بارزانی، شاندێکی حیزبی و حکوومی سەردانی مەسیحییەکانی سنووری قەزای سێمێلیان کرد و لە نزیکەوە داواکارییەکانیان وەرگرتن، بڕیاریشە سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن.
نوێنەری فەرماندە مەنسوور بارزانی، لیوا کامیران و دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی و قایمقامی قەزای سێمێل خەلیل مەحموود، سەردانی دوو گوندی مەسیحینشینیان لە سنووری قەزای سێمێل کرد، بە نوێنەرایەتیی فەرماندە مەنسوور بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیشسپیی ھەردوو گوندی قەشەفر و سێجێی مەسیحییەکان لە سنووری قەزای سێمێل کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، قایمقامی قەزای سێمێل ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە فەرمانی فەرماندە مەنسوور بارزانی، ھاتین لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی ئەو دوو گوندە کۆببینەوە بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت، پێویستە گوندە مەسیحینشینەکان گرنگیی تایبەتیان پێ بدرێت و پێش ئێستاش خزمەتیان کراوە و ژمارەیەک پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ کراون، کە نزیکەی ٢٠٠ خێزانیان تێدا نیشتەجێیە و ھەر داواکارییەکیان ھەبێت، لەگەڵ فەرماندە مەنسوور بارزانی کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکرێت، چونکە کۆمەڵێک داواکارییان ھەبووە و دەرخستەیان بۆ ئامادە کراوە و جێبەجێ دەکرێن.
مەحموود گوتیشی، پێویستە تایبەتمەندی بۆ گوندە مەسیحینشینەکان ھەبێت و ھەموو داواکارییەکانیان بەرز دەکرێنەوە و جێبەجێ دەکرێن، چونکە فەرمانی سەرکردایەتیی پارتی ھەیە بۆ ئەوەی گرنگی بە گوندەکانی مەسیحییەکان بدرێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن، بۆیە ھەر کێشەیەکیان ھەبێت، ھەمووی لە بەرچاو دەگیرێت و چارەسەر دەکرێن، هەر لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ بە فەرمانی مەنسوور بارزانی سەردانی مەسیحییەکانمان کرد و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن.
لای خۆشیەوە، موختاری گوندی قەشەفر گوتی: ئێمە سوپاسی فەرماندە مەنسوور بارزانی و ئەو شاندەی ھاتوون دەکەین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە داواکاریی ئێمە گوێ لێ بگرن و ئێمەش داواکاریمان پێشکەش کردوون تاوەکو بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی ھەمیشە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکەن بە بێ جیاوازی.
بڵند ئیبراھیم




