بەرپرسی لقی ٢٤ بۆ KDP: سەرکەوتنی پارتی دەبێتە ھۆی گەشانەوەی کوردستان

شەقڵاوە-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین دەڵێ، زۆربەی دەنگدەرانی سنووری ئێمە ڕۆژی ھەڵبژاردن بەشداری دەکەن و کار بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٠ی پارتی دەکەن. پێشی وایە، خەڵکی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی سەرکەوتنی پارتی، دەبێتە ھۆی گەشانەوەی کوردستان.
ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: خەڵک پێشوازییەکی زۆر گەرم لە لیستی پارتی دەکات لە سنووری لقی ٢٤ی سەفین، ئێمە بەرەو پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەچین و خەڵکیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی دەنگدانی ئەمجارە شۆڕشێکە و دەیانەوێ پارتی سەر بخەن تا ژیانی ئەوان باشتر بێت، ھاوکات زۆربەی دەنگدەرانی سنووری ئێمە ڕۆژی ھەڵبژاردن بەشدارییان دەبێت و کار بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٠ی پارتی دەکەن.
بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین گوتیشی: لیستی پارتی، لیستی سەرۆک بارزانییە و تەنیا لیستی پارتیشە دەتوانێت پارێزگاری لە مافی ھاووڵاتیانی کوردستان بکات، دەنگدەران بۆ ئەوە دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن، تاکو ھەرێمی کوردستان زیاتر گەشاوە بێت و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتیدا بحەسێنەوە و ژیانێکی باشتریان ھەبێت.
ڕزگار ئەنوەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ئێمە پێشبینی دەکەین لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەردا دەنگی پارتی زۆر زیاتر بێت لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، دەرگای لق و ناوچەکانی ئێمەش کراوەیە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا و بەردەوام خەڵکی لە ھەموو چین و توێژەکان سەردانی بارەگاکانی پارتی دەکەن بۆ پشتگیریکردنی لیستی ١٩٠ی پارتیمان.
قائید میرۆ




