مەسروور بارزانی: ئەوەی پارتی دەیڵێت لە داهاتوودا جێبەجێی دەکات

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی پارتی دەیڵێت لە داهاتوودا جێبەجێی دەکات، بۆیە ھەموو لایەک متمانە بە پارتی دەکەن.
مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی بانگەشەکردن و پشتیوانیکردنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پیشەوەر و کاسبکارانی شاری هەولێر کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و بە پیشەوەر و کاسبکارانی شاری هەولێری ڕاگەیاند، ئێوە دەتوانن بڕیاردەر بن و دەتوانن بڕیار لە چۆنیەتی حووکمڕانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بدەن، رێگەی دەستنیشانکردنی حکوومڕانی و دەسەڵات دەنگدانە و، لە سندووقی دەنگدان ئێوە بڕیار دەدەن کێ لە ئاستی متمانەتانە.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: هەموو لایەک ڕابردووی پارتی دەزانێت چییە و ڕێزم بۆ هەموو لایەکی سیاسیش هەیە، هەندێک ڕووداوتان بەبیر دێنمەوە کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەوەی کە ئێوە چۆن بڕیار دەدەن، پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە کە دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، چەتری پارتی فراوانە و جێگەی هەموو کەس و لایەنێکی تێدا دەبێتەوە، هەر کەسێک بڕوای بە دیموکراسی، داپەروەری، سەقامگیری و پاراستنی کەرامەتی خاکی کوردستان هەبێت جێگەی لە ناو پارتی دەبێتەوە، پارتی بووەتە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بۆ هەموو گەلەکەمان، پارتی تەنیا لە قاڵبی حزبێکی سیاسییدا نییە، بەڵکوو پارتی خێمەیەکە کە هەموو کوردسانییەک دەتوانێت لەژێر چەتری درێژە بە خەباتی خۆی بدات.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیکردەوە کە دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە ئاسایش و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیی کوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە، کاتێک کە هەرێمی کوردستان پەلامار دەدرێت، پێشڕوەی بەرگریکردن لە هەرێمەکە هەمیشە پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە، هەر کەسێک دەست درێژی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان پارتی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی دەبێت و خاکی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
هاوکات گوتی: کەس با بە درووشم هەڵنەخەڵەتێت هەر کە سێک دەتوانێت بە دڵی خۆی دروشم داڕێژێت و بەڵێنیش بدات، ئێمە نامانەوێت بەڵێن بدەین، بەڵکوو دەمانەوێت بیرتان بهێنمەوە کە پارتی هیچ کاتێک بەڵێنێکی نەداوە کە جێبەجێی نەکردبێت، لەمەودوا ئەوەی پارتی دەیڵێت لە داهاتوودا جێبەجێی دەکات، بۆیە هەموو لایەک دەتوانن متمانە بە پارتی بکەن.




