کچان و کوڕانى هەڵەبجە: دەنگمان بۆ لیستى ١٩٠ی پارتییە

هەڵەبجە-KDP.info- کچان و کوڕانى هەڵەبجە دەڵێن، دەنگمان بۆ لیستى ١٩٠ی پارتى و کاندیدەکانیەتى، چونکە دەمانەوێت دەستى زیاترى ئاوەدانى و ئارامى بگاتە هەڵەبجە و هەورامان، پێگەى کوردستان لە ناوەندەکانى نێودەوڵەتیش بە بەهێزى بمێنێتەوە، کە بێگومان بەهێزیى پارتى، بەهێزیى کوردستانە.
شەیدا بارزان، کچە چالاکوانى کۆمەڵگاى مەدەنى، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "من بە ئامانجى ئەوەى هەڵەبجە لەو دۆخەى تێیدایە ڕزگار بێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا بڕیارم داوە دەنگ بە لیستى ١٩٠ی پارتى و کاندیدى دڵخوازى خۆم بدەم، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگاى ئەم هەڵبژاردنەوە ڕێڕەوى حکومڕانیی شارەکەمان بگۆڕین، چونکە ساڵانێکى زۆرە حزب مامەڵە بە دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە دەکات، ئەوەش واى کردووە حکومڕانییەکى تەندروست لەم شارە بوونى نەبێت".
ڕێبوار گوڵپى، کە هاووڵاتییەکى ناوچەى هەورامانە، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "من بە ئامانجى ئەوە دەنگ دەدەمە لیستى ١٩٠ی پارتى، تا دەستى ئاوەدانى ڕوو لە هەورامان بکات، ناوچەکەى ئێمە دیمەنى جوانى هەیە بۆ ئەوەی خزمەت بکرێت، ئەوکات دەبێتە ناوچەیەکى زۆر گرنگى گەشتیارى. ئێمە دەزانین پارتى لە هەولێر و دهۆک گرنگیى بە ناوچە گەشتیارییەکان داوە، بۆیە دەمانەوێت بە هەمان شێوە پارتى دەسەڵاتى ئیدارى لەم پارێزگایە هەبێت و دەستى ئاوەدانى بۆ درێژ بکرێت".
کاروان عەلى، کادیرى پێشکەوتووى پارتى، لاى خۆیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "پارتى بەهێز بێت، ئەوە کوردستان بەهێز دەبێت و دنیاى دەرەوە مامەڵەیەکى تەندروست و لە ئاستى دەوڵەت لەگەڵ کوردستان دەکەن، پارتى دەتوانێت پێگەى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بەهێز بکات لە ناوەندەکانى نێودەوڵەتى، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەرێمەکەمان زیاتر بەهێز بێت، کەواتە دەبێت پارتى بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانى بە بەهێزی بمێنێتەوە، ئەوەش ئەرکى سەرشانمانە دەنگ بدەینە لیستى ١٩٠ی پارتى لە ڕۆژى ٢٠-١٠".
کۆدیا هوشمەند، هاووڵاتی لە پارێزگاى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "ئامانجى دەنگدانى من بە پارتى بۆ ئەوەیە، هەنگاوەکانى ئاوڕدانەوەى جیددى لە پارێزگاى هەڵەبجە بەردەوام بێت، هەروەها وەک وەفایەک بۆ ئەو گرنگدانى سەرۆک بارزانى و سەرکردایەتیی پارتى لە حزب و حکوومەت بە کەیسى هەڵەبجە، لە پێشکەشکردنى پڕۆژەى گرنگى خزمەتگوزارى و بەپارێزگاکردنى شارەکەمان، ئێستاش دەزانین پارتى مەبەستیەتى زیاتر دەستى ئاوەدانى و ئاسایش و ئارامى و هەلی کار بۆ هەڵەبجە بهێنێت، بۆیە داوا لە کوڕان و کچانى هەڵەبجە دەکەم دەنگیان بۆ لیستى ١٩٠ی پارتى بێت".
عەزیز ڕەسووڵ




